رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی دەیەوێت، قەرەبووی دۆڕاندنی یاریی رابردووی بەرامبەر پاریس سانجێرمان بکاتەوە، کاتێک لە یارییەکی سەرنجڕاکێشی چامپیۆنزلیگدا بەرامبەر یانەی ئاستۆن ڤیلای ئینگلیزی یاریی دەکات.
یارییەکە کاژێر 23:00 لە رکابەرییەکانی گەڕی چوارەمی قۆناخی خولی لە کامپ نو بەڕێوەدەچێت، بارسا دەیەوێت سوود لە یاریگا و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات و دۆڕاندنی بەرامبەر پاریس سانجێرمان لە بیر هاندەرانی بباتەوە.
رۆژی سێشەممە تیپەکە دوایین ئامادەکارییەکانی لەژێر سەرپەرشتی هانزی فلیک ئەنجامدا، بەشی زۆری یاریزانەکانی بلاوگرانا بۆ یارییەکە ئامادەن و دەیانەوێت رکابەری بۆ بەدەستهێنانی سێیەم سەرکەوتن لەم وەرزەدا بکەن، دوای ئەوەی لە فاینۆرد و گاڵاتەسەرایان بردەوە و بەرامبەر پاریس سانجێرمان دۆڕان.
دانی ئۆلمۆ، ژول کۆندێ و چاڤی ئیسپارت، بەهۆی پێکانەوە بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن، بەڵام لامین یامال و رافینیا لە باشترین کاتەکانیاندان و دەیانەوێت سەرکردایەتیی بارسا بکەن بۆ بەدەستهێنانی سێ خاڵی دیکە و مانەوە لە رکابەریکردن لەسەر پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی چامپیۆنزلیگ.
پێشتر هەردوو تیپ سێ یارییان بەرامبەر یەکدی کردووە، بارسا دوو سەرکەوتنی هەیە و یانە ئینگلیزییەکە یەک سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، لە دوای 43 ساڵ یەکەمجارە رووبەڕووی یەکدەبنەوە و یەکەمجارە لە چامپیۆنزلیگدا بەرامبەر یەکدی یاریی دەکەن.
ئونای ئێمری، لەگەڵ چوارەم یانە رووبەڕووی بارسێلۆنا دەبێتەوە و دەیەوێت مێژووە خراپەکەی بەرامبەر ئەو یانەیە لەبیر هەمووان بباتەوە.
ئێمری، وەکو راهێنەری ئاستۆن ڤیلا رووبەڕووی بارسێلۆنا دەبێتەوە، رۆژی دووشەممە دوایین ئامادەکارییەکانیان بۆ یارییەکە ئەنجامدا و بۆ ئەم یارییە گرنگە ئامادەن.
راهێنەرە ئیسپانییەکە لە مێژوودا 30 یاریی بەرامبەر بارسێلۆنا ئەنجامداوە، تەنیا 3 سەرکەوتنی هەیە و 21 یاریی دۆڕاندووە.
لەگەڵ سێڤییا، پاریس سانجێرمان و ڤیاڕیاڵ بەشێوەیەکی گشتی 15 جار چووەتە یاریگای بارسێلۆنا تەنیا یەک یاریی بردووەتەوە و 14 جار دۆڕاوە، بەڵام ئەمانە هەمووی رابردوون.
ئاستۆن ڤیلا لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگدا سێ یارییکردووە، سێ بردنەوەی هەیە و خاوەنی هێڵێکی هێرشبەری بەهێزە بە تۆمارکردنی 12 گۆڵ، بۆیە ئەرکی بارسێلۆنا لە یارییەکەدا ئاسان نابێت.




