رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی ئیسپانیا، لێکۆڵینەوە لە هۆکاری گیان لەدەستدانی جیسوس میگێل و ئەگەری بەرپرسیارێتی گیان لەدەستدانەکە، لەلایەن ئاندرۆ جیسوس ئۆنۆی گۆڵپارێزی ئەندۆرا دەکات.
پۆلیسی نیشتمانیی ئیسپانیا، لە رێگای یەکەی قەلاچۆکردنی تاوانی کوشتنەوە، لێکۆڵینەوەی لە هۆکاری گیان لەدەستدانی یاریزانەکەی تێنریفی دەستپێکرد، پاشئەوەی راگەیێنرا، ئەو یاریزانە لەدوای بەرکەوتنی تووندی لەگەڵ ئاندرۆ ئۆنۆ لە یارییەکی خول پلە دووی ئیسپانیا، گیانی لەدەستداوە.
پۆلیس رایگەیاندووە، بەسەرپەرشتی داواکاری گشتی، لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکە دەستپێکردووە.
رێوشوێنەکەی پۆلیس، مانای تۆمەتبارکردنی گۆڵپارێزەکە، یان سەلماندنی بوونی ئەو بەهۆکاری مردنەکە نییە، بەڵکو پۆلیس لە وردەکاری و هۆکاری گیان لەدەستدانەکە دەکۆڵێتەوە.
دوێنێ، یانەی تێنریفی رایگەیاند، جیسوس دی میگێلی تەمەن 30 ساڵ، کە هێرشبەری تیپەکە بووە، لەدوای تووشبوونی بە جەڵتەی دڵ کە دوای بەرکەوتنی لەنێو یاریگا، لەگەڵ گۆڵپارێزی تیپی بەرامبەردا تووشی بووە، گیانی لەدەستداوە.
یانەی تێنریفی لە کاژێرەکانی سەرەتای دوای رووداوەکە رایگەیاند کە هێرشبەرەکەی، وێڕای قورسیی پێکانەکەی، بەڵام دۆخی تەندروستی سەقامگیرە، بەرلەوەی دواتر لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا، کاژێر هەشتی بەیانیی دوێنێ، گیانلەدەستدانی ئەو رابگەیەنێت.
جیهانی تۆپی پێ، کاردانەوەی خێرا و خەمبارانەی بەرامبەر رووداوەکە هەبوو، لەسەرجەم یارییەکانی چامپیۆنزلیگدا، خولەکێک وەستان بۆ گیانی ئەو یاریزانە جێبەجێکرا، لەکاتێکدا چەندین ئەستێرەی گەورە، هاوخەمیی خۆیان بۆ خێزان و ماڵباتی میگێل نارد.




