رووداو دیجیتاڵ
ریال مەدرید سەرکەوتنێکی دراماتیکی و پڕ لە جۆشوخرۆش بەسەر ئایک ئەسینای خاوەن ماڵ بەدەستهێنا بە ئەنجامی 3-2، دوای ئەوەی لە دوایین خولەکەکان شکستی کردە سەرکەوتن، لە چوارچێوەی یارییەکانی گەڕی چوارەمی قۆناخی خولی چامپیۆنزلیگ.
یارییەکە بە گوشارێکی بەهێزی ئایک ئەسینا دەستیپێکرد، کە توانییان لە خولەکی 12دا لە رێگەی کویتاوە گۆڵی پێشکەوتن تۆماربکەن و تیپە یۆنانییەکە بخەنە پێشەوە.
ریال مەدرید لە خولەکی 32دا گۆڵی یەکسانبوونەوەی تۆمارکرد، دوای ئەوەی جود بێلینگهام گۆڵێک تۆمارکرد و تیپی شاهانەی گەڕاندەوە نێو کەشوهەوای رووبەڕووبوونەوەکە، تاوەکو نیوەی یەکەم بە یەکسانبوون بە گۆڵێک بۆ هەردوولا کۆتایی بێت.
لە نیوەی دووەمدا، ئایک ئەسینا باڵادەستی گەڕاندەوە و پینیۆس لە خولەکی 75دا گۆڵی دووەمی تۆمارکرد، بەوەش ئەرکی ریال مەدرید ئاڵۆزتر بوو دوای دواکەوتنی بە ئەنجامی 2-1.
بەڵام یانە شاهانەییەکە رەتیکردەوە خۆی بەدەستەوە بدات، کیلیان ئێمباپێ لە خولەکی 78دا گۆڵی یەکسانبوونەوەی تۆمارکرد و یارییەکەی گەڕاندەوە خاڵی دەستپێک.
لەکاتێکدا یارییەکە بەرەو کۆتایی بە یەکسانبوون دەچوو، فێدیریکۆ ڤالڤێردی دەرکەوت و لە خولەکی 90+2دا گۆڵی سێیەمی ریال مەدریدی تۆمارکرد، سەرکەوتنێکی زۆر بەنرخی لە رێگەی ریمۆنتادایەکی دراماتیکییەوە بەخشییە تیپەکەی.
بەو سەرکەوتنە، ریال مەدرید بە کۆکردنەوەی 12 خاڵ لە دووەمی ریزبەندیدا دێت، دوای ئەوەی لە 4 یارییەکەی سەرەتای قۆناخی خولەکەدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
لە بەرامبەردا، خاڵەکانی ئایک ئەسینا لەسەر 3 خاڵ وەستان و دوای سێیەم دۆڕان لە پاڵەوانێتییەکەدا لە پلەی 30یەمدایە.




