رووداو دیجیتاڵ
ئاناستازیا تۆمازۆڤا، هاوژینی ئاندرێ لونینی گۆڵپارێزی ئۆکراینی، یادی ساڵیادی هاوسەرگیریان کردەوە، کە لە ساڵی 2021 بەڕێوەچوو، هۆکاری هەڵبژاردنی جلوبەرگی مەشق و راهێنانیان لەبری جلوبەرگی تایبەت بە بووکێنی ئاشکراکرد. ئەو رێوڕەسمە سادەیە کە دووربوو لە زیادەخەرجی و ئاهەنگگێڕانی زەبەلاح، رەنگدانەوەی کەسایەتی ئەوان بوو.
گۆڵپارێزەکەی ریال مەدرید لە 18ـی ئازاری 2021 لە رێوڕەسمێکی سادەدا لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا هاوسەرگیری لەگەڵ هاوژینەکەی کرد، بەڵام جلوبەرگی ئەو دوو هاوسەرە بوو کە لەو کاتەدا زۆرترین سەرنجی راکێشا، چونکە لونین لەبری جلی فەرمی بە جلوبەرگی وەرزشییەوە دەرکەوت.
ئاناستازیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام ئەو رۆژەی بیرهێنایەوە و روونیکردەوە کە بڕیاری دەستبەرداربوون لە جلوبەرگی نەریتی بڕیارێکی هەڕەمەکی نییە، بەڵکو هەڵبژاردنێکە کە هەر لە سەرەتای پەیوەندییەکەیانەوە لەسەری رێککەوتوون. ئەوان نەیاندەویست ئاهەنگێکی زەبەلاحی هاوسەرگیر ساز بکەن، کە سەدان میوانی تێدابێت.
ئەوان ئارەزووی خۆیان بۆ رۆژێکی هاوسەرگیری ئاشکراکرد کە بەڕاستی تایبەت و سادە و خۆبەخۆ بێت، بەبێ ئەوەی پێویست بکات جیاواز لە خۆیان دەربکەون.
ئاماژەی بەوەشکردووە "ئێمە بە جلوبەرگی راهێنانەوە هاوسەرگیریمان کرد، چونکە ئێمە دڵخۆشین بە شتە سادەکان، کە لەوانەیە بۆ هەندێک سەیر بێت، بەڵام بۆ ئێمە تەواو بوو".
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهای هاوسەرگیری نەبەستراوەتەوە بەو جلوبەرگانەی کە بووک و زاوا لەبەری دەکەن، بەڵکو بەو کەسە بەستراوەتەوە کە هەڵیدەبژێرن بۆ ئەوەی ژیانی خۆیان لەگەڵدا هاوبەش بکەن. جەختی لەوە کردەوە کە هەزارجاری دیکەش لونین هەڵدەبژێرێت، ئەگەر هەموو جارێش هەر جل و بەرگی راهێنانەکانی لەبەربکاتەوە.
لونین پێشتر باسی ئەم هەڵبژاردنەی کردبوو، روونیکردەوە کە ئەو و هاوژینەکەی هەست بە ئاسوودەیی ناکەن لە جل و بەرگی فەرمی و ئاهەنگگێڕانی گەورەدا. بۆیە رێوڕەسمێکی سادە و ئاسوودەیان پێ باشتر بوو، باسیان لە خواستی خۆیان کرد بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ئاهەنگێکی دیکە لە کەنار دەریا لەگەڵ خێزان ئەنجام بدەن.




