رووداو دیجیتاڵ
مەسعود میراڵ، راهێنەری دیاری کوردستان پەیوەندی بە خولی سوپەرلیگی تورکیاوە دەکات و لەگەڵ یانەی قاسم پاشا دەستبەکاردەبێت.
دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا مشتومڕی زۆر لەبارەی گەڕانەوەی مەسعود میراڵ، بۆ خولی ئەستێرەکانی عێراق لە رێگای یەکێک لە یانەکانی دهۆک و زاخۆ بڵاوکرایەوە، ئەو راهێنەرە پەیوەندیی بە یانەی قاسم پاشای تورکییەوە کرد و دەبێتە یاریدەدەری راهێنەری یانەکە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو سپۆرتس، مەسعو میراڵ، بەهۆی ئەو پەیوەندییە بەهێزەی لەگەڵ ئەلفرێد شرودەر، هەیەتی رازیبووە ببێتە یاریدەدەری ئەو راهێنەرە لە یانە تورکییەکە و پەیوەندیکردنیشی بەو یانەیە لەسەر داوای راهێنەرەکە بووە.
شرودەر تەمەنی 54 ساڵە، پێشتر لە لە یانەکانی بارسێلۆنا، کلەب برووج، ئەیاکس، عەینی ئیماراتی، نەسڕی ئیماراتی، درعیەی سعودی و وەکو یاریدەدەری راهێنەری ئەڵمانیا کاریکردووە.
پەیوەندیی ئەو و مەسعود میراڵ دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەی کە لە خولی ئیماراتی راهێنەرایەتیی یانەی نەسڕی سعودیی دەکرد، بەتایبەتیش دوای ئەوەی دوو یاریی بەرامبەر یانەی دهۆک ئەنجامدا کە ئەو کاتە راهێنەرە کوردەکە لەو یانەیە بوو.
میراڵ ئێستا لە تورکیایە و ئەمڕۆ وەکو یاریدەدەری راهێنەری یانەی قاسم پاشا دەستبەکاردەبێت و لە یەکەم مەشقی ئەو یانەیەدا ئامادەدەبێت.
قاسم پاشا لەم وەرزەی سوپەرلیگدا بە ئاستێکی باشەوە دەردەکەوێت، یانەکە 11 یاریی ئەنجامداوە، 5 سەرکەوتن، 5 یەکسانبوون و 1 دۆڕانی هەیە و ئێستا لە پلەی پێنجەمی ریزبەندی سوپەرلیگە.
بەم هەنگاوەی بۆ پەیوەندیکردن بەو یانەیە، مەسعود میراڵ لە خولی تورکیادا رووبەڕووی ئامەدسپۆر، گاڵاتەسەرای، فێنارباخچە و یانەکانی دیکە دەبێتەوە.
مەسعود میراڵ تەمەنی 38 ساڵە، لە 1987 لە ناوچەی نسێبینی شاری مێردینی باکووری کوردستان لە دایکبووە، لە سوێد دەژیت، لەگەڵ چەندین یانەی جیاواز وەکو یاریدەدەری راهێنەر و راهێنەر کاریکردووە، ساڵی 2024 نازناوی جامی کەنداوی لەگەڵ یانەی دهۆک بەدەستهێناوە.




