رووداو دیجیتاڵ
لەکاتێکدا تەنیا 13 یاریی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق ئەنجامدراون، بەڵام 13 راهێنەر گۆڕانکارییان پێکراوە و هاوشێوەی وەرزەکانی رابردوو لە خولەکەدا گۆڕانکاریکردن بە راهێنەران وەکو هەمیشە یەک شێوازە و دووبارە و چەند بارە دەبێتەوە.
لەسەر ئاستی یانەکانی کوردستان، هەردوو یانەی زاخۆ و دهۆک گۆڕانکارییان لە دەستەی راهێنەرانیاندا کردووە، یانەی زاخۆ پێش دەستپێکردنی وەرز گرێبەستی لەگەڵ ماهر کەنزاری، راهێنەری تونسی راگەیاند، بەڵام بەبێ ئەوەی هیچ یارییەک سەرپەرشتی ئەو تیپە بکات، راهێنەرەکە لە یانەکە رۆیشت.
دوای ئەوە لاورێن بانیدی فەرەنسی بووە راهێنەری یانەی زاخۆ، بەڵام ماوەیەکی کەم لەگەڵ یانەکە بەردەوامبوو و دوای تەنیا 4 گەڕ لە خولەکە ئەو راهێنەرە دوورخرایەوە و جارێکی دیکە تەڵاڵ بلووشی بووەوە راهێنەری یانەکە، بەڵام ئەویش لە باشکردنی دۆخی زاخۆ سەرکەوتوو نەبوو و ئەو راهێنەرەش گرێبەستەکەی هەڵوەشێنرایەوە.
ئێستا زاخۆ بەدوای راهێنەرێکی نوێدا دەگەڕێت و یەکەم یانەیە هێندە گۆڕانکاریی لەم وەرزەدا لە دەستەی راهێنەراندا کردبێت.
لە یانەی دهۆک، سەرەتا یانەکە گرێبەستی لەگەڵ یەحیا گوڵمحەممەدی، راهێنەری ئێرانی واژۆکرد، بەڵام ئەو راهێنەرە لەگەڵ یانەکە سەرکەوتوو نەبوو و لە 10 یارییدا کە سەرپەرشتی ئەو یانەیەی کرد، تەنیا دوو یاریی بردەوە، دوای ئەوە لەسەر داوای فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران، یانەی دهۆک دەستبەرداری ئەو راهێنەرە بوو و سلێمان رەمەزانی کردەوە بە راهێنەری تیپەکە.
جگە لەو دوو یانە کوردستانییە، یانەکانی جەوییە، شورتە، زەورا، کەرخ، کارەبا، نەفت میسان، موسڵ، غەڕاف، مینا و گەرمە راهێنەرەکانیان گۆڕیووە.
ئەم شێوازی مامەڵەکردنە لەگەڵ گۆڕینی راهێنەر لەسەر ئاستی تۆپی پێی عێراق، شێوازێکی دەگمەنە و کەمجار لەسەر ئاستی خولە پێشکەوتوو و گەورەکانی جیهان ئەوە روودەدات، یانیش هەرگیز روونادات، ئەمەش هاندەرانی تۆپی پێی نیگەرانکردووە و بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانیش دادەنرێت بۆ رێگەگرتن لە پێشکەوتنی تۆپی پێی عێراق و خولەکە.
لەسەر ئاستی جیهان چۆن مامەڵە لەگەڵ هەڵبژاردنی راهێنەر دەکرێت؟
بەپێی بەدواداچوونێکی رووداو سپۆرتس بۆ چەند سەرچاوەیەکی جیهانی و توێژینەوەی زانستی کە سەرنج دەخەنە سەر هەڵبژاردنی راهێنەران بۆ سەرپەرشتیکردنی تیپە جیاوازەکان، گرنگترین خاڵەکانی کە لەبەرچاو دەگیرێن ئەمانەن.
1- بەشی سکاوتکردنی راهێنەران؛ یانە گەورەکانی جیهان وەکو چۆن بەدوای یاریزاناندا دەگەڕێن، بەشی تایبەتی خۆیان هەیە بۆ گەڕان بەدوای راهێنەری بەتوانا و باش، یانە گەورەکانی وەکو مانچێستەر سیتی، لیڤەرپوول، ریال مەدرید، بارسێلۆنا، بایرن میونشن و زۆرینەی یانەکانی دیکەش بەهەمان شێوە بەشێکی تایبەتیان هەیە کە کار لەسەر دۆزینەوە و هەڵبژاردنی راهێنەری گونجاو دەکەن بۆ یانەکانیان.
2- شێوازی یارییکردن و تاکتیکی راهێنەر؛ بەراوردکردنی هەموو ئەو وردەکارییانەی لەڕووی تاکتیکییەوە لە راهێنەرەکەدا هەن، بەرگریی بەرز، خێرایی گواستنەوە تۆپ لە بەرگرییەوە بۆ هێرشبەری، ئاماری ئەو یانانەی لەگەڵ راهێنەرەکە کاریانکردووە لەڕووی گۆڵ کردنەوە، بەراوردکردنی تواناکانی راهێنەرەکە و شێوازی سەرکردایەتیکردنی تیپ، بەتایبەت لەبەرچاوگرتنی دۆخی دارایی یانەکان.
3- کەسایەتیی راهێنەر؛ مامەڵەی راهێنەر لەگەڵ یاریزانان، ئایا راهێنەرەکە دەتوانێت چۆن کار بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی یاریزانەکان بکات؟ یاریزانەکان چۆن دەتوانن سوود لە توانا و مامەڵەی ئەو راهێنەرە وەربگرن؟
4- لیژنەی تەکنیکی و بەڕێوەبەری وەرزشی؛ جاران تەنیا سەرۆکی یانەکان بڕیاریان دەدا کێ ببێتە راهێنەری یانەکانیان، بەڵام لە سیستمی نوێ و پێشکەوتووی تۆپی پێدا، بەڕێوەبەری وەرزشی و لیژنەیەکی تەکنیکی ئەو بڕیارە دەدەن و ئەوە ئەرک و کاری ئەوانە راهێنەرێکی گونجا و پێکهاتەیەکی تەواو بۆ یانەکانیان دابین بکەن.
5- هەڵسەنگاندنی دەروونی؛ تەنیا شارەزایی و ئەزموونی راهێنەر لەرووی تەکنیک و تەکتیکەوە بەس نین، بۆ ئەوەی راهێنەرەکە هەڵبژێردرێت، بەڵکو یانەکان لە رێگەی راوێژکاری دەروونییەوە کار بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی دەروونی راهێنەرەکان دەکەن و دواتر بڕیاری خۆیان دەدەن.
6- کارکردن لەگەڵ میدیا و لەبەرچاوگرتنی ئەوەی راهێنەرەکە تاوەکو چەند دەتوانێت مامەڵەیەکی هاوسەنگ و گونجاو لەگەڵ میدیا بکات، ئایا راهێنەرەکە توانای بەرگەگرتنی گوشاری هەیە یان نا؟
7- توانای کۆنتڕۆڵکردنی ژووری جلگۆڕینی کە پڕە لە یاریزانی جیاواز، هەریەکەیان بیرکردنەوەیان بە شێوەیەکە، هەریەکەیان بەهرە و توانایان بەشێوەیەکە و بە زمانی جیاواز قسەدەکەن، گرنگترین خاڵە کە بۆ هەڵبژاردنی راهێنەر لەبەرچاو دەگیرێت.
بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەم خاڵانەی کە لەم راپۆرتەدا خراونەتەڕوو، لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، هیچ یانەیەک بەڕێوەبەری وەرزشیی دیاریکراوی نییە و زۆرینەی جار دوای بەڕێکردن یان دەستبەرداربوون لە راهێنەر لیژنەیەک لە ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی یانەکان پێکدەهێنرێت و ئەوان بڕیار لە راهێنەر دەدەن.
جگە لەوەش بەشێکی زۆری ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی یانەکان هیچ ئەزموونێکی وایان لە وەرزش و بەتایبەت تۆپی پێدا نییە، بۆیە ئەمەش هۆکارێکی دیکەیە بۆ هەڵنەبژاردنی کەسی شیاو و گونجاو بۆ راهێنەرایەتیکردنی یانەکانیان.
خاڵێکی دیکەی کە کاریگەری لەسەر بەردەوام نەبوونی راهێنەر لەگەڵ یانەکان لە عێراق بۆ مەودای درێژ ئەوەیە، سیستمی گرێبەستەکان هەڵەی تێدایە، جاری وا هەبووە راهێنەرێک لە یەک وەرزدا دوو بۆ سێ یانەی گۆڕیووە، لە هەموو گرێبەستەکانیشیدا پارەی خۆی وەرگرتووە، بۆیە بەشێکی وەرزشوانان پێیانوایە یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە کە راهێنەرەکان پێش هەموو شتێک بیر لە پارە و بڕی گرێبەستەکانیان دەکەنەوە.
جیاوازییەکی دیکەی نێوان خولی ئەستێرەکانی عێراق و خولە گەورەکانی جیهان ئەوەیە، کاتێک لە یانە دیارەکانی جیهان راهێنەرێک دووردەخرێتەوە، راهێنەرەکە دەچێتەوە ماڵەوە و ماوەیەک پشوو دەدات، لەو ماوەیەدا بیر لە شێوازی نوێی یارییکردن و پێشخستنی پلانەکانی دەکاتەوە، دواتر بڕیار دەدات بگەڕێتەوە بۆ نێو کاری راهێنەرایەتی، بەڵام لە عێراق بەو شێوەیە نییە، ئەمشەو راهێنەرەکە دووردەخرێتەوە و سبەی راهێنەری یانەیەکی دیکەیە، یانیش پێش ئەوەی لە کارەکەی دووربخرێتەوە لەگەڵ یانەیەکی دیکە رێککەوتووە.




