رووداو دیجیتاڵ
جود بێلینگهامی ئەستێرەی ناوەڕاستی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، کۆمەڵێک وردەکاری لەبارەی ژیانی خۆی کردووە، هەروەها باسی لە پەیوەندی لەگەڵ جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری یانەکە و ئەزموونی مۆندیالی 2026 لەگەڵ هەڵبژاردەی ئینگلتەرا کردووە.
بێلینگهام ئاشکرایکردووە ئەو گوشارانەی وەرزی رابردوو رووبەڕوویان بووەوە، کاریگەریی نێگەتیڤیان لەسەری دروستکردووە، پاڵیان پێوەناوە بۆ ئەوەی داوای هاوکاری بکات، لەپێناو سەرکەوتن بەسەریاندا. هەروەها دەڵێ پێشتر لە یۆرۆی 2024 داڤید بێکهام ئامۆژگاریی زۆر گەورەی کردم.
رۆژنامەی 'مارکا' لە زاری جودی گواستووەتەوە، لەبارەی پەیوەندی خۆی و جۆزێ مۆرینیۆ دەڵێ، مۆرینیۆ باسی منداڵێکی بۆکردم کە لە رۆما بینیویەتی و هاوشێوەی من، گۆرەوییەکانی دڕاندووە.
جود دەڵێ، مۆرینیۆ پێیگوتم، کاتێک لە رۆما بووم، منداڵێکم بینی کە تەمەنی نۆ ساڵ بوو، مەشقی دەکرد و هاوشێوەی تۆ، سێ کونی کردبووە بەشی پشتەوەی گۆرەوییەکانی، لێی چوومە پێشێ و لێمپرسی، بۆچی واتکردووە؟ ئەو گوتی، بێلینگهام وادەکات و گوشاری سەر ماسوولکەکانی پووزی کەمدەکاتەوە، بۆیە منیش وامکردووە.
مۆرینیۆ بە منداڵەکە گوتبوو، تۆ بچووکی، کەی ئەوەندە پوزت بەهێزە و ماسوولکەی هەیە، تاوەکو هەوڵبدەیت لە رێگای کونکردنی گۆرەوییەکانتەوە، گوشار لەسەر ماسوولکەکانت کەم بکەیتەوە.
بێلینگهام هەروەها لەبارەی ژیانی خۆیەوە لە مەدرید دەڵێ، یارییکردن بۆ ریال مەدرید، گرنگترین رووداوی ژیانمە، جیا لەوەش چێژ لە ژیان لە شارەکەدا وەردەگرم، کەشوهەوا و دۆخەکەی رەنگاوڕەنگە.
جود دەڵێ، یارییکردن بۆ ریال مەدرید، هەستی خۆشم دەداتێ، شارەکەش ناوازەیە، کەشەکەی خۆشە و تەنانەت کاتێک بارانیش دەبارێت، کەشەکەی.. نازانم.. سەرنجڕاکێشە.
ئەستێرە ئینگلیزییەکە ئەوەشی ئاشکراکردووە، کە ناوبانگ بووەتە هۆکاری ئەوەی لێکدانەوە بۆ هەموو وردەکارییەکی ژیانی بکات، تەنانەت کاتێک دەیەوێت بچێت قاوەیەک بخواتەوە لە دەرەوە، دەبێ شوێنێکی دوورەدەست لە سەنتەری مەدرید هەڵبژێرێت.
بێلینگهام روونیدەکاتەوە کە ئەو لە مەدرید هەست بەئارامی و ئاسایش دەکات، ماندوو نابێت لە گەڕان بەشارەکەدا، بەڵام ناچارە خۆی دووربخاتەوە، وێڕای ئەوەش، دەڵێ، "بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ هاندەراندا دەکەم، بەتایبەت منداڵان، هەوڵدەدەم واژۆیان بۆ بکەم و وێنەیان لەگەڵدا بگرم".
ئەو دەڵێ، "ئەگەر وێنەیەک لەگەڵ من بگرن، پێی دڵخۆش دەبن، ئەو کارە تەنیا پێنج چرکە لە ژیانی من دەبات".
جود ئاشکرایکردووە لەسەرەتای چوونی بۆ مەدرید لە 2023 هەوڵیداوە زوو فێری ئیسپانی ببێت، دەڵێ ماوەی پێنج مانگ ئیسپانیم خوێند، نەمدەویست ئیسپانییەکەم تەنیا بۆ ئەوە بێت کە پێی بڵێم، سڵاو، چۆنی، دەمویست پەیوەندیم لەگەڵ خەڵک هەبێت.
ناوەڕاستکارەکەی ئینگلتەرا، باسی مۆندیالی 2026ی کردووە، وایداناوە کە ئەو پاڵەوانێتییە، یەکێک بووە لە دیارترین ئەزموونەکانی ژیانی، بەتایبەت ئەو کەشەی لە کاتی پاڵەوانێتییەکەدا هەبوو، هەروەها کاردانەوەی هاندەرانی ئینگلتەرا و پشتگیری تیپەکە،
جود دەڵێ، "لەوانەیە باشترین ئەزموونی ژیانم بووبێت". دووپاتیدەکاتەوە بەبیرکردنەوەیەکی جیاوازەوە رووی لە پاڵەوانێتییەکە کردووە، دوای ئەوەی بڕیاریداوە چێژ لە هەموو ساتێک وەربگرێت، لەبری ئەوەی تەنیا بیر لە گوشارەکانی پەیوەست بەرکابەری و بەدەستهێنانی ئەنجامەکان، بکاتەوە.
جود ئەوەشی خستووەتە روو کە وەرزی رابردوو، رووبەڕووی گوشاری زۆر بووەتەوە، ئەوەش کاریگەریی لەسەر لایەنی دەروونیی دروستکردووە، وایکردووە هەست بەبێهێزی و دڵەڕاوکە بکات.
بێلی دەڵێ، "هەندێکجار هەستمدەکرد گوشارەکان دەمگوشن، تووشی دڵەڕاوکەی زۆرم دەکەن".
روونیکردووەتەوە، "دەستم بەقسەکردن لەگەڵ کەسێک کرد کە زۆر هاوکارییکردم لەو بوارەدا، فێری کردم چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخانەدا بکەم".
بێلی هەروەها دەڵێ، کاتێک دەگەڕێمەوە بۆ ماڵەوە، پاشئەوەی چوار یاریم لە 14 رۆژدا ئەنجامداوە، هەموو ئەوەی دەمەوێت ئەوەیە کە بەباشی شیاندنەوە ئەنجام بدەم، تاوەکو بەئارامی روو لەسەر جێگاکەم بکەم و بخەوم.
جود بۆ یەکەمجار لەگەڵ جۆبی برای، بانگهێشتی کەمپی مەشقی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا کراون و پێشبینیکراوە، هەردوو برا پێکەوە لە یارییەکانی داهاتووی هەڵبژاردەکەدا، دەربکەون.




