رووداو دیجیتاڵ
سێ یانەی گەورەی ئەورووپا، چاودێریی دۆخی ئێندریک، یاریزانی بەرازیلی و هێرشبەری یانەی ریال مەدرید دەکەن و دەیانەوێت ئەو یاریزانە ببەنە ریزەکانیان.
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی هاتووەتە سەرهێڵ بۆ گواستنەوەی ئێندریک بۆ یانەکەی و رکابەریی هەردوو یانەی رۆما و سپۆرتینگ لیسبۆنە دەکات بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی ئەو یاریزانە.
مانگی یەکی ئەمساڵ، لەکاتی گواستنەوەی زستانەی یاریزاناندا هەردوو یانەی رۆما و سپۆرتینگ ویستی خۆیان بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە بەشێوەی خواستن پێشاندا، بەڵام لە گواستنەوەیدا سەرکەوتوو نەبوون.
ئێستا یانەی ئارسیناڵیش هاتووتە نێو رکابەرییەکە و چاوی لەوەیە هێرشبەرە بەرازیلییەکە بباتە پرێمەرلیگ.
بڕیاری رۆیشتن و مانەوەی یاریزانەکە لەدەست یانەی ریال مەدریدە، لەکاتێکدا لە ماوەی رابردوودا چەندجارێک جۆزێ مۆرینیۆ لەبارەی داهاتووی ئەو یاریزانەوە قسەیکردووە و گوتبووی دەستبەرداری نابین.
ئێندریک، چەند هەفتەیەک لەمەوبەر گوتی "دەمەوێت ماوەیەکی درێژ لە کاروانی یارییکردنمدا لە یانەی ریال مەدرید بمێنمەوە." بۆیە رۆیشتنی لە یانە ئیسپانییەکە ئاسان نابێت.
هێرشبەرە 20 ساڵەکە، وەرزی رابردوو بەخواستن لە یانەی لیۆنی فەرەنسی بوو، دواتر گەڕایەوە بۆ ریال مەدرید، لەم وەرزەدا تاوەکو ئێستا بەشداریی لە 7 یارییدا کردووە گۆڵێک و ئەسیستێکی کردووە و 141 خولەک یاریی بۆ یانەی شاهانە کردووە.




