رووداو دیجیتاڵ
بوولتەنی ئەمڕۆی وەرزشی کە رۆژانە کاژێر 13:30 لەلایەن سامان وڵاتژێرییەوە پێشکێشدەکرێت چەند بابەتێکی جیاواز خرانەڕوو.
لە سەرەتای بوولتەنەکەدا باس لە یاریی ئەمڕۆی یانەی زاخۆ بەرامبەر یانەی مینا کرا، کە یارییەکی دواخراوی خولی ئەستێرەکانی عێراق و یانەی زاخۆ دوای چوار یاریی بەبێ بردنەوە چاوی لە گەڕانەوەیە بۆ سەر رێگەی راست.
هەوڵەکانی یانەی شورتە بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی کریستیان بارکۆ، یاریزانی یانەی هەولێر بەشێکی دیکەی بوولتەنەکە بوو. یانەی شورتە دەیەوێت سوود لە دۆخی خراپی یانەی هەولێر وەربگرێت بۆ ئەوەی ئەو یاریزانە بباتە ریزەکانی، یاریزانەکەش چاوەڕێی وەڵامی یانەی هەولێرە بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسەکەی.
بادین حەسۆ، پاڵەوانی کورد لە ئەڵمانیا پشتێنی (WBC)ـی لە یاریی کیک بۆکسینگدا بەدەستهێنا و بە ئاڵای کوردستان و سروودی نیشتمانی ئەی رەقیبەوە بووە پاڵەوان.
لەسەر ئاستی ئەورووپا، خولی ئینگلتەرا و ئیتاڵیا کۆتاییدێن، رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی بلیتەکانی گەیشتن بە چامپیۆنزلیگ لە هەردوو خولەکەدا گەرمە.
پێپ گواردیۆلا، دوای 10 ساڵ راهێنەرایەتیکردنی یانەی مانچێستەر سیتی ماڵئاوایی لە یانەکە دەکات و کاروانەکەی لە دوای بردنەوەی 20 نازناو لەو یانەیە کۆتایی دێت.
