رووداو دیجیتاڵ
هاندەرانی تۆپی پێ چاوەڕێی یارییەکی کۆتایی ناوازە دەکەن لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، کە تاموچێژێکی تەواو ئیسپانی هەیە هەرچەندە هەردوو جەمسەری یارییەکە تیپێکی فەرەنسی و ئینگلیزین، بەڵام هەردوو راهێنەر ئیسپانین.
بۆ یەکەمجار لە مێژووی پاڵەوانێتییەکەدا، دوو راهێنەری ئیسپانی لە یاریی کۆتاییدا رووبەڕووی یەک دەبنەوە؛ لویس ئینریکێ سەرکردایەتی پاریس سانجێرمان دەکات، لە بەرامبەردا میکێل ئارتێتا راهێنەرایەتی ئارسیناڵ دەکات، ئەمەش وەک یەکێک لە دیارترین شەڕە تاکتیکییە چاوەڕوانکراوەکانی گۆڕەپانی ئەورووپا دادەنرێت.
شاری بوداپێست دەبێتە شانۆی ئاهەنگگێڕان بە قوتابخانەی راهێنەرایەتی ئیسپانی، دوای ئەوەی دوو لە کوڕانی ئیسپانیا خۆیان لە لووتکەی تۆپی پێی ئەورووپادا سەپاندووە.
لە لایەکەوە، لویس ئینریکێ، کوڕی شاری خیخۆن، کە تەمەنی 56 ساڵە، وەک هەڵگری نازناوەکە و بە ئاواتی بەدەستهێنانی سێیەم نازناوی چامپیۆنزلیگ لە مێژووی خۆیدا و دووەم لەگەڵ پاریس سانجێرمان وەستاوە.
لە لایەکی دیکەشەوە، میکێل ئارتێتا، کوڕی شاری سان سێباستیان، کە تەمەنی 44 ساڵە، دەرکەوتووە کە سەرکەوتوو بوو لە گەڕاندنەوەی ئارسیناڵ بۆ ریزبەندی پێشەوەی کێبڕکێی ئەورووپا و گەیاندنی بە دووەم یاریی کۆتایی لە مێژووی یانەکەدا لەم پاڵەوانێتییەدا، وەک ئەوەی رۆژنامەی ئەی ئێس بڵاویکردووەتەوە.
ئارتێتا لەبەردەم گەورەترین تاقیکردنەوەدایە
ئارتێتا گرنگترین یاری لە ژیانی وەرزشی خۆیدا ئەنجام دەدات. سەرەڕای ئەو سەرکەوتنانەی لە ساڵانی رابردوودا لەگەڵ ئارسیناڵ بەدەستیهێناون، بەڵام ئەمە یەکەم یاریی کۆتایی گەورەی دەبێت لەسەر ئاستی ئەورووپا.
راهێنەرە ئیسپانییەکە بە ورەیەکی زۆر بەرزەوە دەگاتە پایتەختی هەنگاریا، دوای ئەوەی ئارسیناڵی گەیاندە لووتکەی خولی نایابی ئینگلیزی و نازناوەکەی بۆ بردەوە، بەوەش کۆتایی بە چاوەڕوانییەکی 22 ساڵەی ناو یانە لەندەنییەکە هێنا.
هەروەها بە تۆمارێکی نایابەوە دەچێتە یاریی کۆتایی، چونکە لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگدا تووشی هیچ شکستێک نەبووە. ئەنجامی یارییەکە هەرچییەک بێت، قوتابخانەی ئیسپانی گەورەترین براوەی ئەم شەوە مێژووییە دەبێت.
پوشکاش ئارێنا.. شانۆی ململانێی دوو فەلسەفە
لەسەر چیمەنی یاریگای پوشکاش ئارێنا، کە ناوی ئەفسانەی کۆچکردووی هەنگاری فێرێنک پوشکاشی هەڵگرتووە، رووبەڕووبوونەوەی نێوان دوو فەلسەفەی جیاوازی تۆپی پێ بەڕێوەدەچێت.
پاریس سانجێرمان بەسەرکردایەتی لویس ئینریکێ، نوێنەرایەتی مۆدێلێک دەکات کە پشت بە کۆنتڕۆڵکردنی تۆپ، گوشاری بەرز و گواستنەوەی خێرای تۆپ و یاریی بەکۆمەڵ دەبەستێت. تیپێک کە بە وزەیەکی زۆرەوە یاری دەکات و رکابەرەکانی ناچاردەکات بۆ ماوەیەکی زۆر بەدوای تۆپدا رابکەن، ئەمەش وایکردووە ببێتە یەکێک لە چێژبەخشترین تیپەکانی ئەورووپا لەم وەرزەدا.
ئەگەر پاریس سانجێرمان بتوانێت جارێکی دیکە نازناوەکە بباتەوە، دەستکەوتێکی دەگمەن تۆماردەکات کە لە سەردەمی نوێی چامپیۆنزلیگدا تەنیا ریال مەدرید بەسەرکردایەتی زینەدین زیدان توانیویەتی ئەنجامی بدات، ئەویش پاراستنی نازناوەکەیە بۆ چەند ساڵێکی لەسەریەک.
ئارسیناڵ و خەونی نووسینەوەی مێژوو
لە بەرامبەردا ئارسیناڵ بە خەونی چاوەڕوانییەکی درێژخایەنەوە دەچێتە یارییەکەوە. یانە لەندەنییەکە 225 یاری لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا ئەنجامداوە بەبێ ئەوەی بتوانێت جامە گوێ درێژەکە بەرز بکاتەوە، ئەمەش ژمارەیەکە کە رەنگدانەوەی قەبارەی ناڵاندنی مێژوویی تیپەکەیە لەم پاڵەوانێتییەدا.
ئارتێتا دەخوازێت ناوی خۆی بە پیتی زێڕین لە مێژووی یانەکەدا بنووسێتەوە، ئەویش لەڕێگەی کۆکردنەوەی هەردوو نازناوی پرێمەرلیگ و چامپیۆنزلیگ لە یەک وەرزدا. ئەم دەستکەوتە دەیکاتە هاوتای گەورەترین کەسایەتییەکانی مێژووی یانەکە، وەک ئارسن ڤینگەر، کە لە ساڵی 2011 دەرفەتی یەکەم دەرکەوتنی بە درێسی تیپی یەکەم بە ئارتێتا بەخشی.
لێدانە جێگیرەکان.. چەکی تۆپهاوێژەکان
ئارسیناڵ دەچێتە یاریی کۆتایی لەکاتێکدا یەکێک لە مەترسیدارترین چەکەکانی تۆپی پێی مۆدێرنی هەیە، ئەویش لێدانە جێگیرەکانە. یانە لەندەنییەکە لەم وەرزەدا لە تیپێکی پشت بەستوو بە جوانیی یارییەوە، گۆڕا بۆ تیپێکی تۆکمەتر و واقعبینتر کە دەتوانێت لەڕێگەی وردەکارییە بچووکەکانەوە یارییەکان یەکلا بکاتەوە. بەتایبەتی کە لێدانە جێگیرەکان بوونەتە نیشانەیەکی دیاری تۆپهاوێژەکان.
بەڵام جێی سەرنجە کە پاریس سانجێرمان لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگدا لەم لایەنەوە لە ئارسیناڵ باشتر بووە؛ تیپە فەڕەنسییەکە 10 گۆڵی لە لێدانە جێگیرەکانەوە تۆمارکردووە، لە بەرامبەردا ئارسیناڵ 8 گۆڵی هەیە.
لویس ئینریکێ و گرێکوێرەی ئینگلیزەکان
لویس ئینریکێ سەرکەوتوو بووە لە دروستکردنی تیپێک کە لە ئامێرێکی تۆپی پێی تەواو دەچێت. لە گەشتە ئەوروپییەکەی ئەم دواییەیدا، پاریس سانجێرمان خۆی وەک 'گرێ' و رکابەرێکی سەخت بۆ یانە ئینگلیزییەکان نیشان داوە.
توانیویەتی دووجار بەسەر لیڤەرپوولدا سەربکەوێت، هەروەها ئاستۆن ڤێلا و چێڵسی دوورخستەوە و لە رووبەڕووبوونەوەکانی پێشتریشدا شکستی بە ئارسیناڵ هێناوە. لە بەرامبەردا ئارتێتا رووبەڕووی رکابەرێک دەبێتەوە کە کەسایەتی پاڵەوان و ئەزموونی یارییە کۆتاییە گەورەکانی هەیە، لەکاتێکدا ئەو خەون بە کۆتاییهێنان بە چاوەڕوانییەکی 139 ساڵەی یانەکەی دەبینێت بۆ بردنەوەی گرنگترین نازناوی ئەورووپی.

