رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا لەنێو یاریگە و هاندەرانی یاریی دەکات و بەدوای بردنەوەی سێ خاڵی دیکەدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی شوێنی خۆی لە پێشەنگی ریزبەندی خولەکە بەهێزتر بکات.
لە دەستپێکی یارییەکانی گەڕی 26ـی لالیگا، ئێوارەی ئەمڕۆ کاژێر 18:15 یانەی بارسێلۆنا لە کامپ نو میوانداریی یانەی ڤیاڕیال دەکات بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی سێ خاڵی دیکە و بەهێزکردنی شوێنی خۆی لە پێشەنگی ریزبەندی خولی ئیسپانیا.
ئەمە یارییەکی لووتکەی ئەم گەڕە دەبێت، لەکاتێکدا بارسا پێشەنگی ریزبەندی خولەکەیە و رکابەرەکەی لە پلەی سێیەمە، بەڵام جیاوازییەکەیان 10 خاڵە.
ئەم یارییە چاوی ریال مەدریدیشی لەسەرە، لەکاتێکدا جگە لە بردنەوە هەر ئەنجامێکی دیکەی ئەم یارییە لە بەرژەوەندی ئەوان دەبێت.
وەرزی رابردوو ڤیاڕیال لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە بارسێلۆنای بردبووە، ئەمڕۆ دەیەوێت ئەو سیناریۆیە دووبارەبکاتەوە، بۆ ئەوەی لە رکابەریکردن لەسەر پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە بەردەوامبێت.
فرێنکی دییۆنگ بەهۆی پێکانەوە یاریی ناکات و جێرارد مارتنیش بەهۆی کەڵەکەبوونی کارتە زەردەکانییەوە ناتوانێت یاری بکات.
لە ریزەکانی ڤیاڕیال خوان فۆیس و پاو کابانێس پێکانیان هەیە و یاریی ناکەن.




