

هەواڵەکانی مستەفا گۆران
پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوە لە نووسینگەی بەغدا.
مستەفا گۆران لە 12ی نیسانی 2014ەوە لە تۆڕی میدیایی رووداو كاردەكات، خولی مەشق و راهێنانی پەیامنێری لە رووداو بینیوە. ڤیتی لەسەر رووداوەكان و مژارە سیاسییەكانی عێراق ئامادە دەكات.
رووماڵی مستەفا گۆران لەكاتی هەڵكوتان و هێرشی خۆپیشاندەرە سەدرییەكان بۆ نێو هۆڵی پەرلەمانی عێراق لە رۆژی 30ی نیسانی2016 دەنگیدایەوە و هەموو ئاژانس و تەلەڤزیۆنەكانی جیهان دیمەنەكانیان راستەوخۆ لە رووداو وەردەگرتن، چونكە رووداو تاكە دەزگای راگەیاندن بوو لەنێو هۆڵی كۆبوونەوەكانی پەرلەماندا لەگەڵ خۆپیشاندەران دا. رووداو بووە تاكە سەرچاوەی گەیاندنی دیمەنی خۆپیشاندانەكان و هێرشی خۆپیشاندەران و تێكدانی كەلوپەلەكانی نێو هۆڵی كۆبوونەوەی پەرلەمان و گواستنەوەی داواكاری خۆپێشاندەران.
رووماڵی خۆپیشاندانەكانی خەڵكی بەسرا و سووتاندنی بارەگای حیزبەكان، بارەگای ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرا لەلایەن خۆپیشاندەران لە مانگی ئایاری 2018ی كرد. لەو رووماڵەی رووداودا بەهۆی گواستنەوەی دیمەنی راستەوخۆی سووتاندنی وێنەی خامنەیی، قەیس خەزعەلی و هادی عامری لەبەردەم كونسوڵخانەی ئێران، لەلایەن بەرپرسانی شارەكەەوە هەڕەشە لە پەیامنێر و تیمی رووداو كرا.
ڤیتییەكی مستەفا گۆران لەسەر "زەواجی موتعە" كە لە 15ی تەممووزی 2019 بڵاوكرایەوە، ڤیتییەكی دیكەی لەسەر بەرزبوونەوەی ئامارەكانی نەخۆشی ئایدز لە عێراق لە 18ی تەممووزی 2019دا، لە ئاژانس و میدیا عێراقییەكان دەنگیدایەوە و لە زۆر پەیج و ماڵپەڕی عێراقیدا بڵاوكرایەوەو، چەند لایەنێك لە دژی ئاشكراكردنی راستییەكان و بڵاوكردنەوەی ئامارە ترسناكەكان، داوای گرتنەبەری رێوشوێنی یاساییان دژی نووسینگەی بەغدای تۆڕی میدیایی و رووداو و مستەفا گۆران كرد.
لە دەستپێكردنی شەڕی داعش و تاوەكو راگەیاندنی كۆتاییهاتنی داعش، بەشداری رووماڵكردنی شەڕ و هێرشەكانی داعشی كرد بۆ سەر مەخموور و گوێڕ، هەروەها بەشداربوو لە رووماڵكردنی ئۆپەراسیۆنەكانی پێشمەرگە بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی ئەو ناوچانە و دەشتی نەینەوا، هەروەها بەشداربوو لە رووماڵكردنی ئۆپەراسیۆنی هێزە عێراقییەكان بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری مووسڵ و شارۆچكەكانی حەمام عەلیل، گەیارە، حەمدانییە، بەرتڵە و شەرگات.
مستەفا گۆران، لە 1ی كانوونی یەكەمی 1988 لە شارۆچكەی خەباتی پارێزگای هەولێر لەدایكبووە. لە ساڵی 2012 بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە بەشی رۆژنامەگەری كۆلێژی راگەیاندن لە زانكۆی ئەلعێراقییە لە بەغدا وەرگرتووە.
لە ساڵی 2009 دەستی بە كاری راگەیاندن كردووە. وەك پەیامنێر كاریكردووە لە تەلەڤزیۆنی سپێدە، ماوەی دووساڵ گۆڤاری لڤین، رۆژنامەی (الافق الجدید)، رۆژنامەی (الاخبار) و رۆژنامەی (هەولێری نوێ).
زمانی كوردی و عەرەبی دەزانێت، خێزاندارە و باوكی یەك منداڵە.








