رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ نرخی یەک بیتکۆین نزیکەی 100 دۆلار بەرزبووەتەوە و بە 74 هەزار و 50 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
بیتکۆین بە زەحمەت دەتوانێت ئاستی 74 هەزار دۆلار بپارێزێت و زۆربەی شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن ئەستەمە نرخی بیتکۆین بتوانێت ئاراستەی بەرزبوونەوە بگرێتەبەر، ئەگەر جەنگی ئێران یەکلایی نەبێتەوە و ژینگەی وەبەرهێنان لە دراوە دیجیتاڵییەکان باشتر نەبێت.
لە چەند رۆژی رابردوودا تەنانەت نرخی یەک بیتکۆین کەمتر لە 74 هەزار دۆلاریش مامەڵەی پێوەکراوە.
بەپێی شارەزایان، فرۆشتنی بیتکۆین لەلایەن سندووقەکانی وەبەرهێنان لە دراوە دیجیتاڵییەکان و دامەزراوەکانی دیکە، هۆکاری دابەزینی نرخی بیتکۆینە لە چەند هەفتەی رابردوودا.
بەپێی پلاتفۆڕمەکانی پەیوەست بە دراوە دیجیتاڵییەکان، لە پێنجشەممەی رابردوو، نزیکەی 1.3 ملیار دۆلار بیتکۆین لەلایەن سندووقەکانی وەبەرهێنانەوە فرۆشراوە و ئەوەش فشاری لەسەر نرخی بیتکۆین دروستکردووە.
هەر بەپێی ئەو پلاتفۆڕمانە، ئەوە سێیەمین هەفتەی یەک لەدوای یەکە، هەفتانە زیاتر لە 1 ملیار دۆلار لە بازاڕی بیتکۆین دەهێنرێتە دەرەوە و لە بازاڕەکانی دیکە وەبەرهێنانی پێوەدەکرێت.
لە رۆژی 6ـی مانگی 10ـی پار، نرخی بیتکۆین بەرزترین ئاستی لە مێژوودا تۆمارکرد کە 126 هەزار و 199 دۆلار بوو. لەو کاتە بەدواوە ئاراستەی گشتی نرخی بیتکۆین دابەزین بووە.
لە مانگی 2ـی ئەمساڵدا نرخی بیتکۆین دابەزی بۆ نزیکەی 60 هەزار دۆلار و لە مانگی دوو بەدواوە هەندێ خۆڕاستکردنەوە بە نرخی بیتکۆین دەبینرێت، بەڵام خۆڕاستکردنەوەکە تاوەکو ئێستا نەبووەتەوە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە ئاراستەی نرخی بیتکۆین و زۆربەی شارەزایان پێیانوایە ئەستەمە لەمساڵدا نرخی بیتکۆین بەرزبوونەوەی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت.
