رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی بەندەرەکانی عێراق وردەکاریی نوێ لەبارەی بەندەری فاو و رێگەی گەشەپێدان ئاشکرا دەکات و دەڵێ، عێراق بۆ کارپێکردنی بەندەرەکان پەیڕەوی ستانداردی جیهانی دەکات و بۆ ئەو مەبەستەش ئەزموونی گەورەترین بەندەرەکانی جیهانی گواستووەتەوە.
رۆژی دووشەممە، 1ی حوزەیرانی 2026، فەرحان فەرتووسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "92% بۆ 93%ی کارەکانی دیزاینی کۆتایی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان تەواوبووە. دۆسیەی کارپێکردنی بەندەری گەورەی فاویش ئامادەیە و رادەستی حکومەت کراوە کە بڕیارە لەم رۆژانە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق گفتوگۆ لەسەر تێڕوانینی نوێی حکومەت بۆ گواستنەوەی دەسەڵاتەکان بکرێ."
فەرحان فەرتووسی باسی لەوەش کرد، لە مانگەکانی داهاتوودا و دوای پەسندکردنی لەلایەن حکومەتەوە، پڕۆژەکە دەچێتە قۆناخی جێبەجێکردنی کردەیی و "عێراق دەبێتە ناوەندی بەیەکگەیشتنی ئاسیا و ئەورووپا."
فەرحان فەرتووسی گوتی: "چەندین کۆمپانیای راوێژکاریی نێودەوڵەتیمان هەیە و بۆ داڕشتنی سیستمی بەندەرەکە سەردانی بەندەرەکانی هامبۆرگ، شانگەهای، سیئۆل، جەبەل عەلی و ئەبوزەبیمان کردووە، بۆئەوەی بە وەرگرتنی ئەزموون لێیان ستانداردە جیهانییەکان جێبەجێ بکەین."
لەبارەی بەڕێوەبردنی بەندەرەکە، فەرتووسی باسی لەوە کرد، ئەوان دەیانەوێ لەگەڵ "هێڵە دەریاییە گەورەکانی وەک (MSC, Maersk, CMA CGM) کار بکەن؛' ئاماژەی بەوەشکرد،، عێراق دەیەوێ بەو ستانداردە کار بکات کە خۆی خاوەنی بڕیار بێت لە دیاریکردنی نرخ و سیاسەتی گواستنەوەدا.
لە وەڵامی پرسیارێکیشدا سەبارەت بە رکابەریی رێڕەوەکانی دیکە لەسەر رێگەی گەشەپێدان، فەرحان فەرتووسی گوتی: "بازرگانی جیهانی بەدوای کورتترین، هەرزانترین و کاریگەرترین رێگەدا دەگەڕێ. رێگەی گەشەپێدان کە فاو بە تورکیاوە دەبەستێتەوە، هیچ رکابەرێکی نییە لەو رووەوە."
باسی لەوەش کرد "خاکی عێراق تەختە، ئەمەش وادەکات تێچووی سووتەمەنی و کاتی گواستنەوە زۆر کەمتر بێت. لە ڕێڕەوەکانی دیکەدا کە بە ناوچە شاخاوییەکاندا تێپەڕ دەبن، لۆری و شەمەندەفەرەکان پێویستیان بە هێز و سووتەمەنییەکی یەکجار زۆرە بۆ سەرکەوتن بەسەر بەرزاییەکاندا، ئەمەش تێچووی گواستنەوە بۆ بازرگانان بەرز دەکاتەوە، بەڵام رێگەی گەشەپێدان ئەو کێشەیەی نییە."
سەبارەت بە کاریگەری پێشهاتە سەربازی و سیاسییەکانی ناوچەکە لەسەر پڕۆژەکە، بەڕێوەبەری گشتیی بەندەرەکان دەڵێ: "هەموو گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکی و سەربازییەکانی ئەم دواییە و ئەو ئاڵۆزییانەی لە ناوچەکەدا روویاندا، لە بەرژەوەندیی پڕۆژەکەدان و سەلماندیان کە رێگەی گەشەپێدان سەلامەتترین و باشترین بژاردەیە بۆ بازرگانی جیهانی."
رێگەی گەشەپێدان 1200 کیلۆمەتر دەبێت، لە بەندەری فاو لە بەسرە دەستپێدەکات و لە سنووری پێشابوورەوە دەچێتە نێو باکووری کوردستان و تورکیا.
تێچووی پڕۆژەکە 17 ملیار دۆلارە و حکومەتی عێراق دەیەوێ هاوتەریب لەگەڵ هێڵەکە، بۆریی گواستنەوەی وزەی هەبێت و ساڵی 2050 تەواو دەبێت؛ پێشبینی دەکرێ ساڵانە داهاتەکەی بگاتە 4 ملیار دۆلار.

