رووداو دیجیتاڵ نرخی بیتکۆین شەپۆلێکی دیکەی دابەزینی بەخۆوە بینی و نرخەکەی بۆ خوار 71 هەزار دۆلار دابەزی، ئەوەش دوای ئەوەی نەیتوانی لە بەرزترین ئاستەکانیدا جێگیر بێت. ئەمڕۆ سێشەممە، 02-06-2026، لە بازاڕەکانی جیهاندا نرخی یەک بیتکۆین زیاتر لە 500 دۆلاری دیکە دابەزی و ئێستا بە نزیکەی 70 هەزار و 900 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت. لە دوێنێ دووشەممەوە، گەورەترین دراوی دیجیتاڵی لە جیهاندا، لە ئاستی 72,500 دۆلارەوە دەستی بە پاشەکشە کردووە. لە کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵەدا، نرخی بیتکۆین لە هەوڵی مانەوەدایە لە سەرووی ئاستی 70,500 دۆلار. شرۆڤەکارانی بازاڕ ئاماژە بەوە دەکەن، بیتکۆین شکستیهێنا لەوەی لە سەرووی ئاستی 73,500 دۆلاردا خۆی جێگیر بکات، ئەوەش وایکرد ئاراستەیەکی دابەزین بگرێتەبەر. بەپێی گوتەی شرۆڤەکاران، ئەگەر نرخەکەی لەم ئاستەی ئێستادا بمێنێتەوە، ئەگەری دابەزینی زیاتری هەیە. لە رووی تەکنیکییەوە، بیتکۆین نەیتوانی لە سەرووی ناوچەی پشتگیریی 74,000 دۆلاردا بمێنێتەوە. چاودێران پێشبینی دەکەن ئەگەر دراوەکە نەتوانێت بۆ ناوچەی بەرگریی 72,500 دۆلار بەرزبێتەوە، رەنگە شەپۆلێکی دیکەی دابەزین دەستپێبکات. ئێستا یەکەمین پشتگیریی بەهێزی بیتکۆین لە ئاستی 70,500 دۆلاردایە و پشتگیریی دووەمیش لە ناوچەی 70,000 دۆلارە. شارەزایان هۆشداری دەدەن، هەر دابەزینێکی زیاتر، رەنگە لە ماوەیەکی کورتدا نرخی ئەو دراوە دیجیتاڵییە بەرەو ئاستی 68,800 دۆلار بەرێت.