رووداو دیجیتاڵ
یەدەگی گشتیی بانکی ناوەندیی تورکیا جارێکی دیکە دابەزینی بەخۆوە بینی و ئاستی 160 ملیار دۆلاری بەرەو خوارەوە تۆمار کرد؛ لە بەرامبەردا سپاردەی دراوی بیانیی هاووڵاتییان لەنێو بانکەکاندا زیادیکردووە.
بەگوێرەی دوایین داتاکانی هەفتانەی بانکی ناوەندیی تورکیا، لە هەفتەی کۆتایی مانگی ئایاردا، یەدەگی گشتیی بانکەکە بە بڕی 949 ملیۆن دۆلار کەمبووەتەوە و لە 160.2 ملیار دۆلارەوە بۆ 159.2 ملیار دۆلار دابەزیوە.
ئامارە فەرمییەکان دەریدەخەن کە تەنیا لە 26ـی ئایاردا، یەدەگی سافیی نێودەوڵەتیی تورکیا بە بڕی 1.2 ملیار دۆلار دابەزیوە و گەیشتووەتە 45.8 ملیار دۆلار. هەروەها یەدەگی سافی بەبێ حیسابکردنی "سوپاپ" (ئاڵوگۆڕی دراو) بە بڕی 2.2 ملیار دۆلار کەمیکردووە و بۆ 26.6 ملیار دۆلار دابەزیوە.
سەبارەت بە دراوی بیانیش، یەدەگەکە بە بڕی 990 ملیۆن دۆلار کەمیکردووە و ئاستی 53.2 ملیار دۆلاری تۆمارکردووە، لە کاتێکدا لە هەفتەی پێشتردا زیاتر لە 54.2 ملیار دۆلار بوو.
بەپێچەوانەی دراوە بیانییەکان، یەدەگی زێڕ لە بانکی ناوەندیی تورکیا بە بڕی 41 ملیۆن دۆلار زیادیکردووە و گەیشتووەتە 105 ملیار و 992 ملیۆن دۆلار.
لە لایەکی دیکەوە، وەبەرهێنەرانی بیانی روویان لە فرۆشتنی پشک و قەواڵەکان کردووە؛ بە جۆرێک بە بەهای 91.1 ملیۆن دۆلار پشک و بە بەهای 134.5 ملیۆن دۆلار قەواڵەی قەرزی ناوخۆیی حکومەتیان فرۆشتووە.
سەرەڕای پشووەکانی جەژن، هاووڵاتییانی تورکیا بەردەوام بوون لە گۆڕینەوەی داراییەکانیان بۆ دراوی بیانی. داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سپاردەی دراوی بیانیی هاووڵاتییان و کۆمپانیاکان بە بڕی 1.4 ملیار دۆلار زیادیکردووە.
زیادبوونی سپاردەکان بەم شێوەیە بووە، سپاردەی کەسانی ئاسایی 83 ملیۆن دۆلار زیادیکردووە و سپاردەی کۆمپانیا و کەسایەتییە مەعنەوییەکان: 1.4 ملیار دۆلار زیادیکردووە.



