رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ ئەمڕۆ بەهۆی دابەزینی بەهای دۆلاری ئەمریکی، بەڕێژەی 1٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی.
وەبەرهێنەران و بازرگانان بە گەشبینییەوە دەڕواننە ئەگەری رێککەوتنی نێوان ئێران و ئەمریکا کە ئەمڕۆ دووشەممە لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکاندا بووە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی نەوت و دابەزینی بەهای دۆلاری ئەمریکی.
نرخی زێڕ ئەمڕۆ دوای ئەوەی بەڕێژەی 1.1٪ بەرزبووەوە، ئۆنسەیەکی بە 4560 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
تیم واتێرێر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (کەی سی ئێم ترەید) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "دۆناڵد ترەمپ بازاڕەکانی گەشبین کردووە لەسەر رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران و کردنەوەی تەنگەی هورمز."
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت، ئەمە بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی لە قازانجی نرخی زێڕ تەواو بێت.
ئەمڕۆ نرخەکانی نەوت دابەزین بۆ کەمترین ئاستی دوو هەفتەی رابردووی خۆیان و بەوپێیەش هۆکار بوون بۆ کەمکردنەوەی نیگەرانییەکان لەسەر سەرهەڵدانەوەی هەڵاوسان.
