رووداو دیجیتاڵ
جێگری وەزیری وزەی ئێران دەڵێ، سەرەڕای ئەوەی کارەبا بۆ پاکستان و ئەفغانستان هەناردە دەکەن، کارەبا لە ئەرمینیا و تورکمەنستانیشەوە دەکڕن.
رۆژی یەکشەممە، 31ـی ئایاری 2026، مستەفا رەجەبی مەشهەدی، جێگری وەزیری وزەی ئێران سەبارەت بە دۆخی کارەبای وڵاتەکەی رایگەیاند، لە وەرزی هاویندا کە بەکارهێنانی کارەبا دەگاتە لووتکە، رۆژانە 300 مێگاوات لە تورکمەنستان و ئەرمینیاوە هاوردە دەکەن.
بەگوتەی مستەفا رەجەبی، سەرەڕای هاوردەکردنی کارەبا لەو دوو وڵاتە، هەناردەکردنیشی لە ئێرانەوە بۆ ئەفغانستان و پاکستان بەردەوامە.
جێگری وەزیری وزەی ئێران ئاماژەی بە جەنگی 40 رۆژەی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلیش کرد و گوتی، جەنگەکە کاریگەری لەسەر هاوردە و هەناردەکردنی کارەبا نەبووە، چونکە ژێرخانەکانی گواستنەوەی کارەبا هێرشیان نەکراوەتە سەر.
تۆڕی کارەبای ئێران یەکێکە لە فراوانترین تۆڕەکانی وزە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. تاوەکو بەر لە جەنگی 40 رۆژە، توانای دامەزراوی ئێران بەرهەمهێنانی 98,802 مێگاوات بوو، بەڵام بەهۆی هێرشەکانەوە ئەو توانایە دابەزیوە.
