پزیشکیان: ئێران پابەندی دیپلۆماسییە رووداو دیجیتاڵ سەرۆککۆماری ئێران سوپاسی دەستپێشخەری و هەوڵە کاریگەرەکانی پاکستان دەکات بۆ نێوەندگیری لەنێوان ئێران و ئەمریکا و گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا. پزیشکیان جەختیشی لەسەر پابەندبوونی ئێران بە دیپلۆماسی کردەوە. ئەمڕۆ هەینی، 29ی ئایاری 2026، مەسعود پزیشکیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا نووسیویەتی، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی مالیزیا و پاکستاندا هەبووە و تێیدا جەختی لەسەر پابەندبوونی ئێران بە دیپلۆماسی کردووەتەوە. پزیشکیان دەڵێت: "لە گفتوگۆکانمدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی مالیزیا و پاکستان بۆ پیرۆزبایی جەژنی قوربانی پیرۆز، لە کاتێکدا جەختم لەسەر پابەندبوونی ئێران بە دیپلۆماسی کردەوە، سوپاسی هەڵوێستە مرۆییەکانی مالیزیا و دەستپێشخەری و هەوڵە کاریگەرەکانی پاکستانم کرد بۆ گەیشتن بە رێککەوتن. سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە: "سیاسەتی ئێران پەرەپێدانی هاوکارییەکانە لەگەڵ وڵاتانی موسڵمان و دراوسێ لە هەموو بوارەکاندا." شەری ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران لە 28ی شوباتی ئەم ساڵەوە دەستیپێکرد و 40 رۆژی خایاند. رۆژی 8ی نیسانیش ئاگربەست لە نێوان لایەنەکان راگەیێندرا. لە دوای راگەیاندنی ئاگربەست، پاکستان لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا نێوەندگیری دەکات بۆ دانوستاندن و گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ کۆتاییپێهێنانی جەنگ. لە 11ی نیسان گەڕێکی دانوستاندنیش لە نێوان ئێران و ئەمریکا لە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوەچوو، بەڵام هیچ ئەنجامێکی لێنەکەوتەوە. رۆژی پێنجشەممە، 28ی ئایار چەند بەرپرسێکی ئەمریکی بە رووداویان گوت، دانوستاندنکارانی ئەمریکا و ئێران گەیشتوونەتە رێککەوتنێک لەسەر یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی 60 رۆژە بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست و دەستپێکردنی دانوستاندن لەسەر پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران، بەڵام ترەمپ هێشتا رەزامەندیی کۆتایی خۆی نەداوە و داوای "چەند رۆژێک"ـی کردووە بۆ بیرکردنەوە.