سەرنجتان دەبەمەوە بۆ سەر وتارێکى پێشووترم (پلانى نێودەوڵەتى و چەکدارى نادەوڵەتى)، کە لە ناو مانگى یەکەمى رووخانى ئەسەد و دەرکەوتنى ئەحمەد شەرعدا نووسیومە. لەوێ بەڕوونى ئاماژەم بە مەترسییەک داوە کە بەدوورى نابینم لە چوارچێوەى پلانى نێودەوڵەتى بۆ نەهێشتنى چەکدارى نادەوڵەتى، پیلان لە کوردیش بگێڕن، بەتایبەتى کاتێک پرسەکە بێتە سەر چەکدانانى گرووپەکانى حەشدى شەعبى، چارەنووسى ئەو گرووپانە ببەستنەوە بە چارەنووسى هێزى پێشمەرگەى کوردستانەوە.
ئێستا گوێمان لە هەندێ دەنگى ناشازى ناو ماڵى شیعەکان و هەندێ ناوەندى ئەمریکایە، دەیانەوێ پێشمەرگە و حەشدى شەعبى پێکەوە ببەستنەوە. لە چەند هەفتەى رابردوو هەواڵێکى رۆژنامەوانى لەو بارەیەوە بڵاوکرایەوە گوایە (دەیڤد پترایۆس) بەڕێوەبەرى پێشووى (CIA)، کە لەسەردەمى پرۆسەى روخانى دەسەڵاتەکەى سەدامدا فەرماندەى هێزە فرە رەگەزەکان بوو، بە ئەرکێکى تایبەت بە پرسى گرووپە چەکدارەکان هاتووەتە عێراق و لەگەڵ بەرپرسانى بەغدا لەو بارەیەوە کۆبووەتەوە. دەگوترێت گوایە پلانێکى داوەتە ترەمپی سەرۆکى ئەمریکا و دەسەڵاتدارانى عێراق بۆ دروستکردنى وەزارەتێکى نوێ لە حکومەتى عێراق کە گرووپەکانى حەشدى شەعبى و هێزى پێشمەرگە لەو وەزارەتە کۆبکرێنەوە.
هەرچەندە تائێستا هیچ لێدوانێکى فەرمى نە لە کۆشکى سپى و نە لە بەغدا لەم بارەیەوە بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام کورد واتەنى هیچ دووکەڵێک بێ ئاگر نییە. ئەو بەشەى زانیارییەکان پشتڕاستکراونەتەوە کە پترایۆس بۆ پرسى لە چەکداماڵینى گرووپە چەکدارییەکانى عێراق هاتووەتە بەغدا، باس لەوە دەکرێت لە دیدارى لەگەڵ سەرۆکوەزیران تاتوێى پێکهێنانى وەزارەتى ئاسایشى نیشتمانیی عێراق کراوە بۆ لەخۆگرتنى هەموو گرووپە چەکدارەکان. چەند هێزێکى چەکدارى شیعی لەناو حەشد و لە دەرەوەى حەشدیش ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە یارمەتیدەرى سەرخستنى ئەو پرۆسەیە بن کە دەبێت چەک تەنیا لە دەستى دەوڵەتدا بێت.
ئەوەى پەیوەندى بە بەغدا و گرووپەکانى سەر بە حەشدى شەعبى و بەرەى مقاوەمەوە هەیە، دەتواندرێت وەک بەشێک لەو ستراتیژەى ئەمریکا و ئیسرائیل تەماشا بکرێت کە بۆ ئاسایش و سەقامگیرى ناوچەکە خستوویانەتەڕوو، بە دیاریکراویش لە دەستپێکى جەنگى ئێران - ئەمریکا - ئیسرائیلەوە جەختى زیاتر لەسەر ئەوە دەکەنەوە نابێت لە عێراق چەک لە دەستى گرووپەکانى دەرەوەى دەوڵەت بێت. گوشارەکانى ئەمریکا لەسەر لایەنە عێراقییەکان لە سەروبەندى پێکهێنانى کابینەى تازەى حکومەت، لە ناکۆکى و ململانێى ناو هێزە شیعییەکان، دواجار بەوانەشەوە کە بە بەرەى نزیک لە ئێران دادەنران، چوونە ژێر بارى مەرجەکانى ئەمریکاوە. بۆیە چاوەڕوانکراوە ئەوەى دەگوترێت هاتنى (پترایۆس) بۆ بەغدا بۆ ئەو ئەرکە بێت.
بەڵام تێکەڵکردنى ناوى پێشمەرگە و بەستنەوەى بە پرسێکى هەستیارى لەو شێوەیەوە، جێگەى هەڵوەستە لەسەرکردن و تێڕامانە. چونکە ئامانجى سەرەکى ئەو پلانە نێودەوڵەتییە بۆ پاراستنى ئاسایش و سەقامگیریى ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانى ئەمریکایە لە ناوچەکە، هەموو ئەو گرووپە چەکداریانەش لە غەززەوە بۆ یەمەن و لوبنان و عێراق ناویان دەبرێت، ئەوانەن کە سەر بە بەرەى مقاوەمەن و لەلایەن ئێرانەوە و بۆ بەرژەوەندیی ئێران و شیعە ئاراستە دەکرێن. کورد چى پەیوەندییەکى بەوانەوە هەیە؟
نابێت هەرێمى کوردستان هەر وەک بابەتێکى میدیایی یان هەواڵى نادروست لێى بڕوانێت، چونکە سەرەڕای ناوبانگە باشەکەی، هێشتا لەناو هەندێ لە ناوەندەکانى دەسەڵاتى ئەمریکاش تێڕوانى لەو شێوەیە هەیە بەرامبەر بە پێشمەرگە وەک گرووپى چەکدارى نادەوڵەتی یان گرووپى چەکدارى دەرەوەى یاسا لێى دەڕواندرێت. لە دواى رووخانى سەدام و لە هەوڵەکانى بونیاتنانەوەى عێراقدا، ماجەراى گوشارەکانى (پۆڵ بریمەر) هێشتا لەبەرچاومانە کە دەیویست پێشمەرگە و سوپاى مەهدى وەک گرووپى چەکدارى لە یاسادەرچوو بشوبهێنێت، ئەگەر هەوڵ و پێداگریی کاک مەسعود بارزانى و مام جەلال و پشتیوانى چەند سەرکردەیەکى شیعى وەک ئەحمەد چەلەبى نەبووبا، رەنگە نەتواندرایە چوارچێوەیەکى یاسایى و دەستوورى بۆ مانەوەى پێشمەرگە لە دەستوورى نوێى عێراقدا دابڕێژرێت.
سیناریۆى ئەمریکا بۆ هێزەکانى سوریاى دیموکرات (هەسەدە) لە رۆژئاواى کوردستان و تێڕوانیەکانى تۆم باراک، نێردەى ئەمریکا و نوێنەرى ترەمپ بۆ دەوڵەتى مەرکەزی، روونن لەو بارەیەوە. بۆیە هیچ بەدوور نازاندرێت لەکاتێکدا کورد لە باشوورى کوردستان سەرقاڵکراوە بە کێشە و ململانێى ناوخۆیى، ناوەندە هەواڵگرییەکانى ناوچەکە و ئەمریکا لەپشتى پەردەوە پیلان لە کورد بگێڕن و ئێمەش لەبەر ناکۆکیی ناوخۆیی، ئاگامان لێى نەبێت.
هیچ گومان و شاراوەییەک لەوەدا نییە کە هیچ کام لە دەوڵەتانى داگیرکەرى کوردستان خۆشحاڵ نین بە بوونى هەرێمى کوردستان و بوونى چەک لە دەستى کورد. ئەگەر لە پارچەکانى دیکەى کوردستان ئاسانتر بتوانن گوشار بکەن بۆ چەککردنى کورد، لە عێراق بەهۆى ئەوەى هەرێمى کوردستان رەوایەتیی دەستووریى هەیە وەک قەوارەیەک، هەروەها بەهۆى ئەوەى لە دەستوورى عێراقدا پێشمەرگە وەک هێزێک بۆ پاراستنى ئەو قەوارە دەستوورییەى کوردستان دانیپێدانراوە، ناتواندرێت بە ئاسانى و روون و ئاشکرا داواى چەکدانان لە پێشمەرگە بکرێت، وەک ئەوەى ئێستا لە باکوور و رۆژئاواى کوردستان دەیکەن، بەڵام دوور نییە سیناریۆى دیکە بهێندرێتە پێشەوە بۆ ئەوەى بتواندرێت لە داهاتووى دوورتردا ئەو گوشارە بخرێتە سەر هەرێمى کوردستان.
ئەوەى دەگوترێت وەزارەتێکى تایبەتمەند لە عێراق پێکبهێندرێت، دوور نییە سبەى پێشنیازى ئەوەش بکرێت ئەو وەزارەتە بدرێتە کورد. هەر لەناو کوردیش لە پەرلەمانتار و هێزە سیاسییەکانى بەشى ئەوە خەڵک دەدۆزنەوە ببنە دەهۆڵکوتى ئەوەى بۆ کارێکى خراپە پێشمەرگە لە وەزارەتێکدا یەکبخرێت و بەغدا مووچە و چەکى بۆ دابین بکات و کورد خۆى بەڕێوەى ببات؟
ئەو رێکارانەى بەغدا چەند ساڵێکە پەیڕەوى دەکات بۆ کۆنترۆڵکردنى سەرچاوەکانى داهات لە هەرێمی کوردستان، هەر بە تەنیا بۆ مەبەستى بەستنەوەى هەرێمی کوردستان نییە بە ناوەندەوە لە رووى داهات و داراییەوە، ئامانجگەلى دیکەى شاراوە هەن لە داهاتوودا ئێمە هەستیان پێدەکەین. یەکێک لە سەرەکیترین پرس و بابەت کە بەلاى شیعە و دەسەڵاتدارانى ناوچەکەوە پرسێکى ستراتیجییە، بابەتى بوونى چەکە لە دەستى کورد. ئەوان لە رۆژگارێکدا ئەوەیان قبووڵکرد کە چەک لە دەستى کورد بمێنێت، بۆ ئەوان رێگەیەکى دیکەیان بۆ نەمابوو جگە لە قبووڵکردن.
بەڵام کاتێ بابەتەکە کەوتە بەردەستى ئەوان بۆ جێبەجێکردنى بەند و بڕگەکانى دیکەى پەیوەست بە بوون و مانەوەى ئەم هێزە چەکدارە، کە بەپێى دەستور دەبوو لە یەکەم رۆژى دەرچوونى دەستوورەوە هەموو پێداویستیەکانى خەرجى و مووچە و پڕچەککردن و مەشق و راهێنانیان لەلایەن بەغداوە بۆ فەراهەم بکرێت، بەڵام زیاتر لە 20 ساڵ بەسەر دەستووردا تێپەڕیوە، هیچ کام لەو بڕگە دەستوورییانەیان جێبەجێنەکرد. تەنانەت لە شەڕى داعشدا لەو هەموو کۆمەک و هاوکارییەى دەدرا بە عێراق، ئامادەنەبوون تەنیا بەشى پڕچەککردنى یەک پێشمەرگە فیشەک بدەنە کوردستان. بگرە رێگرییان لەوەش دەکرد وڵاتانى دونیا لە رێگەى بەغداوە یارمەتیی پێشمەرگە بدەن.
بۆیە بێ هیچ گومان و دوودڵییەک، خواست و ئامانجى بەغدا ئەوەیە پێشمەرگە بەو جۆرەى هەیە نەمێنێتەوە. ئەمڕۆش ئەوەیان پێنەکرێت لە داهاتوودا دوور نییە بە راگرتنى مووچە و گرفتى دیکە، گوشار بخەنە سەر هەرێمى کوردستان بۆ قبووڵکردنى ئامانجێکى لەو شێوەیە.
دەبێت سەرکردایەتیی کورد لە ناوەندە دەستوورییەکانى قەوارەى هەرێمی کوردستان و هەردوو هێزە سەرەکییەکەى هەرێمی کوردستان کە تائێستاش ئەوان خاوەندارێتیی هێزى پێشمەرگە دەکەن، ئەو مەترسییە لەبەرچاو بگرن و بە هیچ جۆرێک و لەژێر هیچ پاساو و گوشارێکدا بچنە ژێر بارى ئەوەوە کە پێشمەرگە راستەوخۆ بە بەغداوە ببەسترێتەوە. سەربارى ئەوەى نەتواندراوە لە کوردستان بکرێت بە هێزێکى نیشتمانیی یەکگرتوو، بەڵام چەند هێندەى دیکەش پارچە پارچەبن، مانەوەى لە دەستى کورد خۆى باشترە لەوەى بە بەغداوە ببەسترێتەوە ئەگەر چەند پڕچەکیش بکرێت.
ئەوەى لە داهاتوودا زامنى مانەوەى کورد دەکات لەناو ئەو هەموو گورگ و چەقەڵەى ناوچەکە، تەنها و تەنها چەکى دەستى کورد خۆیەتى.
