رووداو دیجیتاڵ
دوای پشوویەکی دوو هەفتەیی، ئەنجوومەنی وەزیرانی تورکیا کۆدەبێتەوە. گرنگترین بابەتەکانی کۆبوونەوەکە دۆخی ئابووری و دوایین پێشهاتەکانی پەیوەندیدار بە ئێران و ئەمریکا دەبن.
کۆبوونەوەکە کاژێر 15:30 خولەکی رۆژی دووشەممە، 1ـی حوزەیرانی 2026، بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە ئەنقەرە دەستپێدەکات.
چاوەڕوان دەکرێ پێش راگەیاندنی ئامارەکانی هەڵاوسان کە لە یەکەم هەفتەی حوزەیران ئاشکرا دەکرێ، وەزیرە پەیوەندیدارەکان هەڵسەنگاندنێکی ورد بۆ دۆخی بازاڕ بکەن.
لە بواری سیاسەتی ناوخۆییدا گەرمترین بابەت پرۆسەی چارەسەریی پرسی کوردە. چاوەڕوان دەکرێ لە کۆبوونەوەکەدا وردەکارییەکانی دۆخی ئەمنی لە مەیداندا تاوتوێ بکرێ و هەڵسەنگاندنی نوێ بۆ قۆناخی کۆتاییی دانانی چەک و پرۆسەی چارەسەری بکرێ.
جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران و پێشهاتەکانی ئاگربەست و رێککەوتن یەکێکە لە خاڵە گرنگەکانی رۆژەڤی کۆبوونەوەکە. هەروەها، لەگەڵ کاریگەریی ئەم گرژییە لەسەر ئابووری، دوایین پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش لەنێو دۆسیەکانی سەر مێزی کۆبوونەوەکەدان.
چاوەڕوان دەکرێ دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکە، رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ رای گشتی قسە بکات و ئەنجامی کۆبوونەوەکە و بڕیارەکان رابگەیێنێت.
