رووداو دیجیتاڵ
سرری ساکک، پەرلەمانتاری دەم پارتی رایدەگەیێنێت لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبووەتەوە و داواکارییەکانی گەلی کوردی بۆ پرۆسەی ئاشتی و دیموکراسی پێشکەش کردووە. ئەمە یەکەمین دیدارە کە تێیدا سەرۆککۆماری تورکیا بە تەنیا پێشوازی لە پەرلەمانتارێکی ئەو پارتە بکات.
سرری ساکک، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، وێنەیەکی خۆی و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیای لەناو کۆشکی سەرۆکایەتی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، ئێوارەی چوارشەممە 3ـی حوزەیرانی 2026 دیدارەکەیان کردووە.
سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، ساکک رایگەیاند: "چاوەڕوانییەکانی گەلەکەمان بۆ ئاشتی، دیموکراسی و دادپەروەری، هەروەها داواکاری و ئومێدەکانمان بۆ پێشوەچوونی پرۆسەی 'کۆمەڵگەی دیموکراسی و ئاشتی' بە هەنگاوی کۆنکرێتی، پێشکەش بە بەڕێزیان کرد."
ئەو پەرلەمانتارە جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە ئەم پرۆسە مێژووییە لە سەرووی سیاسەتی رۆژانەوە بێت و گوتیشی: "کۆتاییهاتنی تەواوەتیی خوێنڕشتن، فرمێسک و ململانێکان، خواستی هاوبەشی کۆمەڵگەیە."
کێشەکانی ئاگری لە کۆشکی سەرۆکایەتی
جگە لە پرسی کورد و ئاشتی، سرری ساکک کە پەرلەمانتاری پارێزگای ئاگرییە، کێشە بنەڕەتییەکانی ئەو شارە و ناوچەکەی لەگەڵ ئەردۆغان تاوتوێ کردووە؛ لەوانە هەژاری، بێکاری، کۆچبەری و ئاستەنگەکانی بەردەم کەرتی تەندروستی، هاوکات پێشنیازی چارەسەریشی بۆ خستوونەتە ڕوو.
دیدارێکی بێپێشینە
ئەم کۆبوونەوەیە بە "وەرچەرخانێک" لە پەیوەندییەکانی نێوان ئاکپارتی و دەم پارتی دادەندرێت، چونکە یەکەمجارە ئەردۆغان بە تەنیا پێشوازی لە پەرلەمانتارێکی ئەو پارتە بکات. پێشتر و لە 10ـی نیسانی 2025دا، ئەردۆغان پێشوازی لە شاندی دەم پارتی کردبوو، بەڵام دیدارەکەی دوێنێ شەو وەک هەنگاوێکی جیاواز دەبینرێت.
سرری ساکک، سیاسەتمەدارێکی دیاری کوردە و ئێستا وەک پەرلەمانتاری ئاگری لە خولی 28ـەمی پەرلەمانی تورکیادا کار دەکات؛ ئەو لە کۆتایی پەیامەکەیدا سوپاسی ئەردۆغانی کردووە بۆ رەخساندنی دەرفەتی ئەم دیدارە.



