رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ئاماری لیژنەی تایبەت بە هێرشی سەر دوو قوتابخانەی باکووری کوردستان، لە تورکیا و باکووری کوردستان زیاتر لە 90٪ی منداڵانی تەمەن شەش بۆ 15 ساڵ بە شێوەیەکی رێکخراو ئینتەرنێت بەکاردەهێنن.
ئەو لیژنەیەی تایبەت بە هێرشی سەر دوو قوتابخانەی باکووری کوردستان لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندرابوو، ئەمڕۆ پێنجشەممە 4-6-2026 بە مەبەستی گفتوگۆ و خستنەڕووی ئامار کۆبووەوە.
یوسف بەیازت، پەرلەمانتاری ئاکپارتی سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەکەی کرد. ئەمەل شەریفە باشتورک، کە لە لیژنەکەدا زانیاری و ئاماری خستنەڕوو، رایگەیاند لە تورکیا زیاتر لە 90٪ی منداڵانی تەمەن شەش بۆ 15 ساڵ بەشێوەیەکی رێکخراو ئینتەرنێت بەکاردەهێنن.
باشتورک ئاماژەی کرد، 66٪ی منداڵانی تەمەنی شەش بۆ 11 ساڵ و نزیکەی 80٪ی تەمەنی 11 بۆ 15 ساڵ، دەستیان بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەگات.
ئەمەل شەریفە باشتورک باسی کاریگەریی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکانی لەسەر منداڵان کرد و گوتی: "نێوەرۆکەکان، بەتایبەتی خووی بەکارهێنان و ئالوودەیی لە لای منداڵان دروست دەکەن و دەرەنجامی نەرێنییان لێدەکەوێتەوە. منداڵان لە تەمەنێکی بچووکدا لە شێوەی خۆیان ناڕازین و تەمەنی زۆر بچووکیش داوای نەشتەرگەریی جوانکاری دەکەن. پلاتفۆرمەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی بۆ منداڵان ژینگەیەکی ئارام نییە".
منداڵان لە سووکایەتیی ئەلیکترۆنی نیگەرانن
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە لیژنەکەدا خرانە روو، منداڵان ژینگەی دیجیتاڵیی وەک ئەو شوێنە پێناسە دەکەن کە زۆرترین تووندوتیژیی تێدا دەبینرێت. باشتورک بە پشتبەستن بە توێژینەوەکانی وەزارەتی پەروەردە گوتی:" 55٪ی منداڵان رووبەڕووی نامەی پڕ لە جنێو بوونەتەوە و 40٪یشیان ئەو جۆرە رەفتارانەیان کردووە."
هەروەها رایگەیاند لە تورکیا لە هەر پێنج منداڵ یەکێکیان قوربانی، ئەنجامدەر یان گەواهیدەری سووکایەتیی ئەلیکترۆنییە و زۆرترین ئەو سووکایەتییانەش لە ئیستەنبووڵ تۆمارکراوە کە رێژەی بەکارهێنانی ئینتەرنێت تێیدا بەرزە.
پێشنیاز بۆ قوتابخانە و خێزانەکان
پەرلەمانتارانی بەشداربوو پێشنیازیان کرد، بۆ رێگریکردن لە هێرشی سەر قوتابخانەکان، لە هەر قوتابخانەیەک (ستافی بەدواداچوونی هەڕەشە) پێکبهێندرێت.
هەروەها بە پێویستیان زانی، بەکارهێنانی مۆبایلی زیرەک و تابلێت لە قوتابخانەدا سنووردار بکرێت و جەخت لە گرنگیی زیادکردنی ژمارەی رابەری پەروەردەیی و دەروونناس کرایەوە.
هاوکات پێشنیاز کرا (ئەنجوومەنی چاودێریی دیجیتاڵی) بۆ وردبینیی نێوەرۆکەکان دابمەزرێنرێت و یارییە ئەلیکترۆنییەکان پێش ئەوەی لە تورکیا کارا بکرێن، لە رێی سیستمێکی نێوخۆییەوە کۆنترۆڵ و هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت".
شارەزایی دیجیتاڵیی گەورەکان یەکێکە لە بابەتە هەرە گرنگەکان
پەرلەمانتاران و پسپۆڕان پێیانوایە لێهاتوویی دیجیتاڵیی منداڵان پەرەی سەندووە، بەڵام دایبابان و گەورەکان لە رووی خوێندەواری و شارەزایی دیجیتاڵییەوە زانیاریی پێویستیان نییە.
بە پێویستیان زانی رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو دایبابانە بگیرێتەبەر کە بە مەبەستی بەدەستهێنانی داهات، وێنە و ڤیدیۆی منداڵەکانیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا بڵاو دەکەنەوە؛ هەروەها لەپێناوی ئەوەی منداڵان لە ژینگەیەکی دیجیتاڵیی ئارامتردا گەورە بن، پێویستە هاوئاهەنگیی بەهێز لەنێوان دامەزراوە حکومییەکان، قوتابخانەکان، خێزانەکان و کۆمپانیاکانی تەکنەلۆجیادا هەبێت.
چی روویدابوو؟
رۆژی 14ی نیسان، کەسێکی لەدایکبووی ساڵی 2007 بە تفەنگی راو هێرشی کردە سەر قوتابخانەی ناوەندیی پیشەیی و تەکنیکیی ئەحمەد کۆیونجو لە شارۆچکەی سیڤەرەکی رووها. لە ئەنجامی هێرشەکەدا 10 قوتابی، چوار مامۆستا، پۆلیسێک و کرێکارێک بریندار بوون. هێرشکارەکە لە کاتی گەیشتنی پۆلیسدا خۆی کوشت.
رۆژی 15ی نیسان، هێرشێکی دیکەی چەکداری کرایە سەر قوتابخانەی ناوەندیی ئایسەر چاڵک لە شارۆچکەی 12ـی شوباتی مەڕەش. لە ئەنجامدا نۆ قوتابی و مامۆستایەک گیانیان لەدەستدا و 13ی دیکەش بریندار بوون.
مانگێک پێشتریش لە ئیستەنبووڵ، قوتابییەک بە چەقۆ هێرشی کردە سەر مامۆستاکەی بەناوی فاتمە نوور چەلیک و کوشتی.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، لە دوای هێرشەکان لە 16ی نیسان رایگەیاند، دوو پۆلیس لەبەردەم هەر قوتابخانەیەکدا دادەنرێن.
پێکهینانی لیژنەی تایبەت
دوای ئەو دوو هێرشەی لە کەمتر لە 24 کاژێر بۆ سەر دوو قوتابخانەکە روویاندا کە کوژران و برینداری لێکەوتەوە، رۆژی 21-4-2026 پەرلەمانی تورکیا بڕیاری پێکهێنانی کۆمیسیۆنێکی دەکرد.
پێشنیازەیاسای پێکهێنانی ئەو کۆمیسیۆنە بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشی سەر دوو قوتابخانەکەی مەرەش و رووها، بە کۆدەنگیی تەواوی پارتەکانی نێو پەرلەمانی تورکیا پەسندکرا.
ئەو کۆمیسیۆنە لە 22 ئەندام پێکدێ و ماوەی ئەرکەکەشی بە سێ مانگ دیاری کراوە.
کۆمیسیۆنەکە جگە لە لێکۆڵینەوە لە وردەکاریی هێرشە چەکدارییەکان، لێکۆڵینەوە لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی و مەترسیی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان دەکات کە منداڵان بەرەو تووندوتیژی دەبەن.
ئەندامانی کۆمیسیۆنەکە ئەگەر پێویست بکات، دەتوانن بڕۆنە ئەو دوو پارێزگایە و بە شێوەی مەیدانی لێکۆڵینەوە بکەن.
.jpg&w=3840&q=75)



