رووداو دیجیتاڵ
بریکاری هاوسەرۆکی فراکسیۆنی پارتیی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رەخنەی لە 12یەمین گورزەی دادوەری گرت و رایگەیاند، "پێویستە لە مافی هیواوە دەستپێبکەن." هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە کەناڵەکانی گفتوگۆ لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکرێنەوە.
رۆژی پێنجشەممە 4ـی حوزەیرانی 2026، سەزایی تەمەللی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە پەرلەمانی تورکیا، ئاماژەی بە هەنگاوەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد بۆ چارەسەری دیموکراسییانەی پرسی کورد و گوتی، "پێویستە هەرچی زووە دۆخی یاسایی بۆ بەڕێز ئۆجەلان دابین بکرێت و هەلومەرجی گونجاوی بۆ بەڕێوەبردنی دانوستاندنێکی دیموکراسییانە بۆ بڕەخسێندرێت. ئەو یاسایەی چاوەڕوان دەکرێت، جێبەجێ بکرێت. بە جێبەجێکردنی، دەرفەتی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکانی دیکەی تورکیاش زیاد دەکات."
تەمەللی رایگەیاند، چارەسەری پرسی کورد کلیلی چارەسەری کێشەکانی دیکەیە و گوتی، "دەزانین هەوڵێکی زۆر هەیە بۆ ئەم مەبەستە. دەزانین زۆر شاند و کەس دەیانەوێت هەرچی زووە بچنە ئیمراڵی و چاویان بە ئۆجەلان بکەوێت. دەمەوێت بەتایبەتی هەرچی زووە داوای کردنەوەی ئەم کەناڵانە بکەم."
لەبارەی 12یەمین پاکێجی دادوەری کە چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا بێتە پەرلەمان، گوتی، "چاوەڕوانییەکان شتی دیکە بوون. لە پێشینەدا سیستەمێکی دادپەروەرانەی جێبەجێکردن و مافی هیوا بوو. چاوەڕوانی ئەوە بوو رێکخستن بۆ دۆخی زیندانیانی بەساڵاچوو و نەخۆش و سیاسەتڤانان بکرێت. هەروەها کۆتایی بە سزای زیندانی هەتاهەتایی قورسکراو بهێندرێت کە وەک سزای لەسێدارەدانی بەردەوام سەیر دەکرێت."
قسەکانی سەزایی تەمەللی، لە کاتێکدایە ئەمڕۆ سرری ساکک، پەرلەمانتاری دەم پارتی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبووەتەوە. ساکک رایگەیاند داواکارییەکانی گەلی کوردی بۆ پرۆسەی ئاشتی و دیموکراسی پێشکێش کردووە. ئەمە یەکەمین دیدارە کە تێیدا سەرۆککۆماری تورکیا بە تەنیا پێشوازی لە پەرلەمانتارێکی ئەو پارتە بکات.



