رووداو دیجیتاڵ
بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، هەرچی زووە دەبێ پرۆسەی چارەسەری بەپەلە بەرێوەبچێت و پێویستە هەرچی زووە زەمینەیەکی یاسایی بۆ دابنرێت.
پەروین بوڵدان، هاوکات ئەندامی شاندی ئیمراڵییە، ئەمڕۆ لە دووەم رۆژی جەژنی قورباندا لەگەڵ رێکخستنەکانی دەم پارتی و پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە) لە وان جەژنە پیرۆزەیان کرد. لە رێوڕەسەمەکدا گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، بۆ ئەوەی پرۆسەکە پێشبکەوێت، پێویستە هەنگاوە یاسایی و دیموکراسییەکان خێراتر بکرێن.
بوڵدان ئاماژەی بەوە کرد، "تورکیا چووەتە نێو پرۆسەیەکی نوێوە" و دەبێت ئەم پرۆسەیە تەنیا بە گوتاری سیاسی نەبێت، بەڵکو بە رێکخستنی کۆنکرێتی پشتگیری بکرێت.
پەروین بوڵدان باسی دوایین سەردانەکەی بۆ ئیمراڵی کرد کە رۆژی 24ی ئایار ئەنجامدرا. رایگەیاند، نزیکەی سێ کاژێر لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆبوونەتەوە.
بوڵدان سەرنجی خستە سەر گرنگیی رێکخستنە یاساییەکان بۆ پێشخستنی پرۆسەکە و گوتی، "پێویستە هەرچی زووە زەمینەی یاسایی دابنرێت." ئاماژەی بەوەش کرد، رێکخستنە ئامادەکراوەکان رێگە بۆ پرۆسەی دیموکراسی خۆش دەکەن و ئاشکرایکرد، پڕۆژە یاسایەکی 8 خاڵی ئامادەکراوە.
بە گوتەی پەروین بوڵدان، پڕۆژە یاساکە زیندانیانی نەخۆش، یاسای جێبەجێکردنی سزاکان، دانانی قەییوم، ئەو کەسانەی بە هۆکاری سیاسی لە زینداندان، هەروەها ئەو کەسانەی بەهۆی گوشارەوە لە دەرەوەی وڵاتن، دەگرێتەوە و چاوەڕێی هەنگاوی نوێ لەو بارەیەوە دەکرێت.
ئاماژەی بە دوای جەژن کرد و رایگەیاند، رەنگە رێکخستنی یاسایی و پێشهاتی سیاسیی نوێ بێنە رۆژەڤی گشتییەوە. جەختی لەوە کردەوە، "ئەم پرۆسەیە هێندە بەپەلەیە کە نابێت کاتی زیاتر بەفیرۆ بدات و و داوای کرد هەنگاوی خێرا و کۆنکرێتی بۆ پێشخستنی پرۆسەکە بنرێت.
پرۆسەی چارەسەری پرسی کوردی لە تورکیا لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2024ـەوە دەستی پێکردووە، بەڵام دەم پارتی و پەکەکە دەڵێن، پرۆسەکە خاوە و پێویستی بە هەنگاوی خێراتر و کاریگەرە.
.jpg&w=3840&q=75)