رووداو-تەندروستی
ئەمڕۆ حاڵەتێکی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە پارێزگای دهۆک تۆمارکرا و نەخۆشەکە لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە.
د. رۆژهات عەبدولستار پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو بە رووداوی رایگەیاند: "کەسەکە تەمەنی 47 ساڵە و پیشەی شوانە، دوای 24 کاژێر لە خواردنی گۆشت هەستی بە نیشانەکانی تای خوێنبەربوون کردووە".
بە گوتەی د. رۆژهات، سەرەتا لە نەخۆشخانەیەکی موسڵ گومانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوونی لێنەکراوە، بەڵام دواتر دەرکەوتووە کە هەڵگری نەخۆشییەکەیە.
د. رۆژهات عەبدولستار ئاماژەی بەوەشکرد، "نەخۆشیی تای خوێنبەربوون کاریگەریی زۆری لەسەر جگەر هەیە و نەخۆشەکە تووشی خوێنبەربوونێکی زۆر بووە".
سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی نەخۆشەکە، د. رۆژهات عەبدولستار گوتی: "تەندروستیی نەخۆشەکە جێگیرە و ئەگەر بەم شێوازە بەردەوام بێت، تاوەکو هەفتەیەکی دیکە دەینێرینەوە ماڵەوە".
پسپۆڕەکەی نەخۆشییەکانی هەناو هۆشداریشیدا و گوتی: "تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی گواستراوەیە و پێویستە ئاگاداری کەسوکار و دراوسێکانی بین".



