رووداو-تەندروستی
دووەم حاجیی هەرێمی کوردستان لە وەرزی حەجی ئەمساڵدا لە سعودیە کۆچی دواییکرد. حاجییەکە تەمەنی 70 ساڵە و خەڵکی قەزای خەباتە لە پارێزگای هەولێر.
رۆژگار جەعفەر بەرپرسی راگەیاندنی پڕۆسەی حەج بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دووەم حاجی لە سعودیە بەناوی (یاسین رەجەب خەمۆ) رێکانی تەمەن 70 ساڵ، دانیشتووی قەزای خەبات لە شاری مەککە کۆچی دوایی کرد."
رۆژگار جەعفەر، ئاماژەی بەوەشکرد، مردنەکەی کتوپڕ بووە و پێشتر لە شاری هەولێر قەستەرە و باڵۆنی بۆ کراوە.
لەلایەکی دیکەوە، د. شوان عوسمان ئەمین پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ سەبارەت بە هۆکاری گیانلەدەستدانی حاجییەکە گوتی: "بە ئەگەری 90% پێشبینی دەکرێت هۆکاری مردنەکە جەڵتەی دڵ، گیرانی شەبەکەی دڵ یان گیرانی دەمارێکی دڵ بووبێت".
د. شوان عوسمان، ئەگەرەکانی دیکەشی خستەڕوو و گوتی: "لەوانەیە جەڵتەی مێشک لێیدابێت کە بەهۆی ماندووبوونی زۆرەوە روودەدات، یان لەوانەیە بەهۆی پەتایەکەوە کارەبای دڵی تێکچووبێت و دڵی راگرتبێت".
ئەمە دووەم حاجیی خەڵکی هەرێمی کوردستانە کە لە وەرزی حەجی ئەمساڵدا لە سعودیە گیان لەدەست دەدات.



