رووداو-تەندروستی دەرمانێکی نوێ بە ناوی داراکسۆنراسیب (daraxonrasib) لە تاقیکردنەوەکاندا سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە و نزیک بووەتەوە لەوەی تەمەنی ئەو کەسانە دوو هێندە بکات کە قۆناخی پێشکەوتووی شێرپەنجەی پەنکریاسیان هەیە. کۆمپانیای Revolution Medicines کە دەرمانەکە پەرەپێدەدات، ئەنجامی قۆناخی سێیەمی تاقیکردنەوەی کلینیکی خۆی لەسەر 500 نەخۆشی تووشبوو بە شێرپەنجەی پەنکریاسی پەرەسەندوو خستەڕوو، بە بەراورد بە چارەسەری کیمیایی دەرمانی داراکسۆنراسیب نزیک بووەوە لە دوو هێندەکردنی تێکڕای تەمەنی مانەوەی نەخۆشەکان لە 6.7 مانگەوە بۆ 13.2 مانگ، بە گشتی داراکسۆنراسیب مەترسی مردنی لە نەخۆشانی شێرپەنجەی پەنکریاسی پەرەسەندوودا بە ڕێژەی 60% کەمکردەوە. داراکسۆنراسیب لەڕێگەی دەمەوە وەردەگیرێت و ڕۆژانەیە، لەبری ئەوەی راستەوخۆ بچێتە سەر پرۆتینی KRAS، بە گەردێکەوە بە ناوی سایکلۆفیلین "cyclophilin A" دەلکێت و پێکەوە ئەو پرۆتینە چالاکەی KRAS رادەگرن کە فەرمان بە خانە شێرپەنجەییەکان دەکات بۆ دابەشبوون. باوترین کاریگەرییە لاوەکییەکانی دەرمانەکە بریتین لە سووربوونەوەی پێست، ئاوسان و برینی ناو دەم، سکچوون، دڵتێکچوون و رشانەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو نەخۆشانەی داراکسۆنراسیبیان بەکارهێناوە، بە بەراورد بەوانەی چارەسەری کیمیاییان وەرگرتووە، کەمتر بەهۆی کاریگەرییە لاوەکییە توندەکانەوە وازیان لە چارەسەر هێناوە و ژیانیان باشتر بووە و ئازاریان کەمتر بووە. هەنگاوی داهاتوو بریتییە لە پێداچوونەوەی رێکخستنی دەرمانەکە بۆ بەکارهێنانی کلینیکی، کۆمپانیاکە ئەم ئەنجامانە بەکاردەهێنێت بۆ وەرگرتنی رەزامەندی فەرمی لە دەستەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا (FDA) و دەستە رێکخەرەکانی دیکەی جیهان، ئەگەر دەرمانەکە رەزامەندی بەدەست بهێنێت لەوانەیە لە ماوەی چەند مانگێکدا لە کلینیکەکاندا بەردەست بێت. شێرپەنجەی پەنکریاس یەکێکە لە کوشندەترین شێرپەنجەکان، بەشێکی لەبەر ئەوەی هیچ پشکنینێکی پێشوەختەی کاریگەری نییە و لە قۆناخە سەرەتاییەکانیدا بەدەگمەن نیشانەی هەیە.