رووداو-تەندروستی
نوێنەری پزیشكانی نیشتەجێی خولاو لە كەركووك رایدەگەیێنێت، بە هیچ شێوەیەك بەو چارەسەرییانە رازی نین كە وەزارەتی تەندروستیی عێراق بۆیان داناوە.
دکتۆر ئیبراهیم محەممەد نوێنەری پزیشکانی نیشتەجێی خولاو لە کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تەنیا 352 هەزار دیناریان وەکو مووچە بۆ دیاری کردووین، بەڵام ئێمە داوای هاوتاکردنەوەی مووچەکەمان لەگەڵ پزیشکانی پێش خۆمان دەکەین و بە هیچ شێوەیەک بەو بڕیارە رازی نین."
نوێنەری پزیشکانی نیشتەجێی خولاو لە کەرکووک ئاماژەی بەوەش كرد جگە لە كەمیی مووچەكە، خزمەتی ئەم ماوەیەمان بۆ هەژمار ناكرێت و پێمان گوتراوە تاوەكو بودجەی ساڵی 2027 چاوەڕێ بكەین بۆ دامەزراندنی هەمیشەیی، كەڤ ئەمەش قبووڵكراو نییە."
وەك پاڵپشتییەكیش بۆ مانگرتنەكەیان، دكتۆر ئیبراهیم دەڵێت، "ئەمڕۆ لە کەرکووک هیچ پزیشکێک نۆرینگە ناكاتەوە."
ئەمە دوای ئەوەدێت كە وەزیری تەندروستیی عێراق رایگەیاند، كێشەی مووچەی پزیشكانی نیشتەجێی خولاو چارەسەر كراوە و هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشكردنی دەكرێت، هاوكات داوای لێكردن كۆتایی بە مانگرتن بهێنن.
نزیکەی 2000 پزیشكی دەرچووی ساڵی 2024 لە سەرانسەری عێراق، بە شێوەی گرێبەست و بە مووچەیەكی دیاریكراو دامەزراون، بەڵام ماوەی چوار مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە، ئەمەش بووەتە هۆی ناڕەزایەتی و مانگرتنی بەرفراوان لە بەغدا و پارێزگاكانی دیكە.



