رووداو-تەندروستی
تیمێکی ئەندازیار لە ئەمریکا هەستەوەرێکی ئەلکترۆنیی نوێیان داهێناوە کە وەک لەزگەی برین بە پێستەوە دەلکێت و یارمەتیی ئەو کەسانە دەدات کە تووشی جەڵتەی مێشک بوون، بۆ ئەوەی توانای جووڵەیان بۆ بگەڕێتەوە.
تیمێکی ئەندازیار لە زانکۆی هیوستن لە ئەمریکا هەستەوەرێکی تەنکیان دروستکردووە کە لەسەر پێستی دەست و قۆڵ دادەنرێت، ئەم ئامێرە جووڵەی پەنجەکان بۆ فەرمان لەنێو یارییە ڤیدیۆییەکان وەردەگێڕێت، سیستمەکە بۆ یاریی "بەرد، کاخەز، مەقەست" بەکاردەهێنرێت کە تێیدا نەخۆشەکە لە رێگەی جووڵاندنی ماسولکەکانییەوە یارییەکە دەکات.
پرۆفیسۆر د. جای هیون ریو سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە زانکۆی هیوستن دەڵێت، "ئەم هەستەوەرە جووڵەی ماسولکەکان راستەوخۆ دەکاتە سیگناڵی کارەبایی و چارەسەری فیزیایی وەک یارییەکی ڤیدیۆیی سەرنجڕاکێش دەکات، ئەمەش وا دەکات نەخۆشەکان خۆیان سەرپەرشتیی پرۆسەی چاکبوونەوەیان بکەن."
پرۆفیسۆر د. جای هیون ریو ئاماژەی بەوەکرد چارەسەرە باوەکانی دوای جەڵتەی مێشک زۆرجار دووبارە و بێزارکەرن، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بەشداریی نەخۆش، بەڵام ئەم تەکنەلۆژیایە نوێیە چەندین سوودی هەیە وەک نەخۆش دەتوانێت لە ماڵەوە بەکاریبهێنێت بەبێ پێویستی بە چاودێریی پزیشکی بێت، لەبری هەڵسەنگاندنی چاو هەستەوەرەکە ئاماری ورد لەسەر گۆشەی جووڵە و خێرایی وەڵامدانەوە تۆمار دەکات، گۆڕینی راهێنانەکان بۆ یاری، پاڵنەرێکی بەهێز بۆ نەخۆش دروست دەکات تاوەکو بەردەوام بێت و هەستەوەرەکان لە ماددەی سەلامەت و ژەهراوی دروست نەکراون و بۆ ماوەیەکی زۆر دەتوانرێت لەسەر پێست بمێننەوە.



