رووداو - تەندروستی
دەستبردن بۆ مۆبایلەکەت پێش ئەوەی قاچەکانت بخەیتە سەر زەوی دوای لەخەوهەستان، کارێکی بێ زیان دیارە، بەڵام مەترسییەکی گەورەی لەپشتە. پشکنینێکی خێرای ئیمەیڵەکان، چاوخشاندنێک بە مانشێتەکان و سەیرکردنێکی پەیامەکانی شەو، دەشێت تەواوی رۆژەکەت تێکبدەن.
شارەزایانی دەرووندروستی دەڵێن، خولەکە سەرەتاییەکانی دوای لەخەوهەستان (میزاج، تەرکیز و ئاستی گوشاری رۆژەکەت) دیاری دەکەن و کاریگەریی کەڵەکەبووی دەستپێکردنی هەموو بەیانییەک بە شاشەی مۆبایلەوە دەتوانێت بەبێدەنگی شێوازی مامەڵەکردنی مێشکت لەگەڵ سەرنج، بەراوردکاری و بڕیاردان بگۆڕێت.
10 بۆ 30 خولەک دوای لەخەوهەستان، جەستە لە ئارامییەکی تەواودایە، هێشتا مێشک و پێداڕۆیشتنی خوێن نەکەوتوونەتە باری چالاکی، کە مۆبایل بەکاردەهێنیت ئەم میکانیزمە تێکدەچێت. د. کاسرین براونلۆ، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە بواری دەرووندروستی و تەندروستیی رەفتاری لە ئەمریکا دەڵێت: بەکارهێنانی مۆبایل و سەرقاڵی مێشک پێوەی لەدوای لەخەوهەستان، دەکرێت ببێتە هۆی هەڵەشەیی و نەبوونی میزاج (کەیف) لە تەواوی رۆژەکە.
کاتێک بەو بەیانییە زووە سەیری سۆشیاڵ میدیا و ئیمێڵ و پەیامەکان دەکەیت، مێشک بایەخی سەرەکی بە ژینگە و خەڵکی دەوروبەر دەدات وەک لە خۆت، هەروەها کاردانەوەکانی مێشک بە درێژایی رۆژەکە پەرشوبڵاو دەبن.
د. کاسرین براونلۆ دەڵێت: ئەگەر تەنیا یەک بەیانی سەیری پۆستەکانی سۆشیاڵ میدیا و ڤیدیۆ یەک بەدوای یەکەکان بکرێت کێشەی نییە، بەڵام ئەگەر ئەمە بووە خووەیەکی رۆژانە، ئەوا مەترسیی جیدی دروستدەکات.
چۆن واز لە خووی بەکارهێنانی مۆبایل لە بەیانیاندا دەهێنیت؟
- خۆدانەبەرخۆر
- خواردنەوەی ئاو
- وەرزشی بەیانیان
- گوێگرتن لە میوزیک
- تێڕامان لە وێنە
- کشانی ماسوولکەکان
- ئامادەکردنی خوانی بەیانی
- دوورخستنەوەی مۆبایل لە شوێنی نووستن
- بەکارهێنانی کاتژمێری تایبەت بە زەنگی ئاگادارکەرەوەی بەیانیان، لەبری ئەوەی بە زەنگی مۆبایل بەخەبەر بێیت



