رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی تەندروستیی گشتی لە ئەمریکا هۆشداریی دەدات لە بڵاوبوونەوەی ئەنفلەوەنزای باڵندە (H5N1) لەنێو مانگای شیردەر و کێڵگەکانی پەلەوەرییەکاندا.
شۆن گیبس، راگری کۆلێژی تەندروستیی گشتی لە زانکۆی تەکساس A&M، دەڵێت، " زۆربەی حاڵەتەکانی تووشبوونی مرۆڤ بە H5N1 پەیوەندی بە کرێکارانی کێڵگەوە هەیە کە نیشانەکانیان سووک بووە و گەنج و تەندروستن، بۆیە خەڵک ئەمە بە جیدی وەرناگرێت، ئەمەش ئەگەری گواستنەوەی نەخۆشییەکە بۆ ناو کۆمەڵگە زیاد دەکات."
گیبس هۆشداریی دەدات و دەڵێت، "هەرچەندە ڤایرۆسێک زیاتر خەڵک تووش بکات، ئەگەری گۆڕانکاریی بۆماوەیی (mutation) زیاتر دەبێت."
یەکێک لە ئاستەنگە گەورەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی پەتاکە، کەمکردنەوەی پشکنین و راپۆرتکردنی حاڵەتەکانە. گیبس ئاماژە بەوە دەکات، "زۆرێک لە کرێکارانی کێڵگەکان بەدوای چاودێری یان چارەسەردا ناگەڕێن، مەگەر حاڵەتێکی کارەساتبار بێت، چونکە نایانەوێت لە کارکردن بوەستن و داهاتەکەیان لەدەست بدەن."
سەبارەت بە پاراستنی کرێکاران، گیبس باسی لەوە کرد کە کرێکاران زۆرجار دوودڵن لە بەکارهێنانی کەلوپەلی خۆپارێزیی تاکەکەسی (PPE) وەک ماسک و گۆگل، چونکە ناڕەحەتە و رەنگە کاریگەریی لەسەر هۆشیارییان هەبێت لەکاتی کارکردندا.
