هونەرمەندی گۆرانیبێژ نادیە یاسین، یەکێک لە گۆرانییە کۆنەکانی بە سوود وەرگرتن لە ژیریی دەستکرد نوێ دەکاتەوە و دەڵێت، هۆکاری دروستکردنی کلپیەکە ئەو ستەمەیە لە کورد و کوردستان دەکرێت.
نادیە یاسین رۆژی شەممە 17-01-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کلیپەکە یەکەم گۆرانی ئەلبوومێکی ساڵی 2004ی من بە ناوی 'تۆم لە بیرە' کە هۆنراوەی شاعیری کورد هێمن موکریانییە."
ئەو گۆرانیێژەی کوردستان لە ساڵی 2004ـەوە بەرهەمی نوێی بڵاونەکردووەتەوە و دەڵێت، "پێم خۆشبوو بەرهەمی نوێ بڵاوبکەمەوە، بەڵام دۆخی کوردستان رێگربوو لێم و نەمتوانی، کە دەبینم تەنیا بەهۆی ئەوەی کوردین لە خاکی خۆماندا ستەممان لێ دەکرێت، لەکاتێکدا مافی کەسمان نەخواردووە."
نادیە یاسین کاتێک ساڵی 2004 ئەلبوومەکەی بڵاوکردەوە و لەو ساڵانەدا نێوبانگی بڵاوبووەوە، وەکو خۆی باسی دەکات، "22 ساڵە بەرهەمم نییە، ئێستاش بەرهەمە کۆنەکانم بڵاودەبێتەوە هەزاران کۆمێنتی دەستخۆشیم بۆ دێت، کە دەشڵێن یادگارییان لەگەڵیاندا هەیە."
