رووداو دیجیتاڵ
ئیڤانکا ترەمپ، کچی سەرۆکی ئەمریکا و جارێد کوشنەری هاوژینی، سەرقاڵی جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی گەشتیاریی زەبەلاحن بە بڕی 1.5 ملیار دۆلار، لەسەر دوورگەیەک لە دەریای نێوەڕاست کە پێشتر بنکەیەکی سەربازیی چۆڵکراو بووە.
چیرۆکی هەڵبژاردنی ئەم دوورگەیە، بەم شێوەیەیە: کاتێک ئیڤانکا و خێزانەکەی بە بەلەمێکی گەشتیاری بە دەریای نێوەڕاستدا دەگەڕان، ئیڤانکا بڕیار دەدات مەلە بکات بۆ ئەوەی بگاتە دوورگەیەک بەناوی سازان لە ئەلبانیا. کاتێک دەگاتە ئەوێ و سرووشتە کێوی و جوانەکەی دەبینێت، سەرسام دەبێت. هەر لەوێوە بیرۆکەی ئەوەیان بۆ دێت، ئەو دوورگەیە کە رووبەرەکەی هەزار و 400 هێکتارە، بکەنە پڕۆژەیەکی گەشتیاریی جیهانی.
دوورگەی سازان لە سەردەمی شەڕی سارددا بنکەیەکی سەربازیی نهێنیی سۆڤیەت و ئەلبانیا بووە، پڕە لە تونێل و حەشارگەی ژێرزەوی، بەڵام چەندین ساڵە چۆڵکراوە و کەسی لێ ناژی.
کۆمپانیای وەبەرهێنانی جارێد کوشنەر، دەیەوێت بە بڕی 1.5 ملیار دۆلار ڤێلای گرانبەها و هۆتێلی شاهانە لەسەر دوورگەکە دروست بکات.
پڕۆژەکە بە هاوبەشی لەگەڵ براندی هۆتێلەکانی Aman دەکرێت، کە یەکێکە لە گرانترین و بەناوبانگترین کۆمپانیاکانی هۆتێل لە جیهاندا و تایبەتە بە ملیۆنێر و ملیاردێرەکان.
حکومەتی ئەلبانیا، کە وڵاتێکە لە باشووری رۆژهەڵاتی ئەورووپا، زۆر دڵخۆشە بەم پڕۆژەیە، چونکە پێیانوایە گەشتیارێکی زۆری دەوڵەمەند رادەکێشێتە وڵاتەکەیان و ئابوورییەکەیان دەبووژێنێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، کوشنەر بەڵێنی داوە کە پڕۆژەکە بەتەواوی "دۆستی ژینگە" دەبێت و بە جۆرێک نەخشەی بۆ کێشراوە کە زیان بە سرووشت و جوانییە رەسەنەکەی دوورگەکە نەگەیێنێت.



