رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی تۆپی پێی نەرویج (NFF) رۆژی سێشەممە 2-6-2026 رایگەیاند، داوای لە لیژنەی ئەخلاقیی فیفا کردووە لێکۆڵینەوە لە بڕیاری بەخشینی خەڵاتی ئاشتی بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بکات.
جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا، لە 6ـی کانوونی یەکەمی رابردوو و لە کاتی تیروپشکی مۆندیالی 2026، یەکەمین خەڵاتی ئاشتیی رێکخراوەکەی بە ترەمپ بەخشی.
دواتر لە کۆتایی هەمان مانگدا، رێکخراوی (فەیر سکوێیەر) بۆ مافەکانی مرۆڤ سکاڵایەکی ئاراستەی لیژنەی ئەخلاقیی فیفا کرد و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد، ئینفانتینۆ بە پشتگیریکردنی ترەمپ، بنەمای "بێلایەنیی" پێشێل کردووە.
فیفا تاوەکو ئێستا روونی نەکردووەتەوە ئەو خەڵاتە لەسەر چ بنەمایەک بەخشراوە، ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە ترەمپ و ئیدارەکەی بەردەوام گوشاریان دەکرد بۆ ئەوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی پێ بدرێت.
لیس کلیڤێنێس، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی نەرویج رایگەیاند، ئەوان بە تەنیا ئەم هەنگاوەیان ناوە و گوتی: "پێموایە یەکێتییەکانی دیکەش دەیانزانی دەتوانن واژۆی بکەن ئەگەر بییانویستایە، بەڵام گەیشتینە ئەو بڕوایەی گوشار خستنە سەر هیچ لایەنێک سوودی نییە و تەنیا دەبێتە هۆی دروستبوونی گرژی."
ئینفانتینۆ بە ئاشکرا هەوڵی دروستکردنی پەیوەندیی نزیکی لەگەڵ ترەمپ داوە لە پێش دەستپێکردنی یارییەکانی مۆندیال کە بڕیارە لە نێوان 11ی حوزەیران تاوەکو 19ی تەممووزی 2026 لە ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەبچێت.



