رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، حەز دەکات لەگەڵ موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران کۆببێتەوە و پێشبینیش دەکات لە داهاتوودا ئەو دیدارە ئەنجام بدرێت. دەشڵێت، "ئەگەر من نەبووام، ئێستا ئیسرائیل بوونی نەدەبوو."
رۆژی چوارشەممە، 3ـی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ پۆدکاستی (Pod Force One)ـی رۆژنامەی نیویۆرک پۆست ئاماژەی بەوە کرد، "حەز دەکەم بیبینم [موجتەبا خامنەیی]، رەنگە لە شوێنێکدا کۆببینەوە، ئەوەش بەپێی ئەوەی بارودۆخەکە چۆن دەبێت."
"ئێران رازی بووە چەکی ئەتۆمی نەبێت"
ترەمپ لەبارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا رێبەری باڵای ئێران بەشدارە لە دانوستاندنەکان و گوتی، "ئێران پێشتر رەزامەندیی نیشانداوە کە پەرە بە چەکی ئەتۆمی نەدات. ئەوان لەسەر ئەوە رێککەوتوون، هەرچەندە دەتوانن رای خۆیان بگۆڕن، بەڵام ئەوە خاڵە هەرە گرنگەکە بوو."
سەبارەت بە تەندروستی و دۆخی رێبەری ئێران، ترەمپ گوتی، "شەرەفی ئەوەم نەبووە کە ئایەتوڵڵا ببینم؛ ئەو بەشێکی زۆری ئەندامانی جەستەی لەدەستداوە."
"ئەگەر من نەبووام ئیسرائیل نەدەما"
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ باسی لە گرژییەکانی نێوان خۆی و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرد. سەبارەت بەو راپۆرتانەی دەڵێن بە نەتەنیاهووی گوتووە "تۆ شێتی"، ترەمپ گوتی، "بەڵێ، وام گوتووە. من هەمیشە تووڕە دەبم. کەمێک لێی دڵگران بووم بەهۆی ئەوەی بەردەوام لەگەڵ لوبنان لە شەڕدایە."
ترەمپ ئەو راپۆرتانەی رەتکردنەوە کە نەتەنیاهوو ئەمریکای راکێشابێتە نێو جەنگی ئێران و گوتی، "من بووم کە دەستمپێکرد؛ نامەوێت کەس بێزار بکەم، بەڵام من دەستمپێکرد، چونکە ناتوانین رێگەیان پێ بدەین چەکی ئەتۆمییان هەبێت."
سەرۆکی ئەمریکا باسی لە رۆڵی خۆی لە پاراستنی ئیسرائیل کرد و گوتی، "ئەگەر من نەبووام، ئێستا ئیسرائیل بوونی نەدەبوو."
ترەمپ پێیوایە هێزی سەربازیی ئێران لاواز بووە و دەڵێت، "ئێران سەربازی زۆر کەمی هەیە. ئێمە پێویستمان بە ناردنی هێزی زەوینی نییە، تەنیا لە رێگەی بۆردوومانەوە بەشێکی زۆری سوپاکەیانمان لەناوبردووە."



