رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، سەرەڕای هێرشە نوێیەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر چەند ئامانجێکی ناو ئێران کە گومانی لەسەر بەردەوامیی ئاگربەستە "لەرزۆکەکە" دروستکردووە، بەڵام هێشتا گەیشتن بە رێککەوتن لە چەند رۆژی داهاتوودا وەک ئەگەرێکی کراوە ماوەتەوە.
رۆژی سێشەممە 26-05-2026، مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە سەردانێکیدا بۆ شاری جایپوور لە هیندستان، بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "هەندێک گفتوگۆ لە قەتەر بەڕێوەچوون، دەبینین ئایا دەتوانین پێشکەوتن بەدەستبهێنین یان نا."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا مشتومڕێکی زۆر لەسەر داڕشتنی وردی تێکستەکان لەنێو بەڵگەنامە سەرەتاییەکەدا هەیە، هەر بۆیە گەیشتن بە ئەنجامی کۆتایی پێویستی بە چەند رۆژێکی دیکە دەبێت.
سەبارەت بە هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەو بارەیەوە، مارکۆ رۆبیۆ گوتی: "سەرۆک ترەمپ ئارەزووی خۆی بۆ رێککەوتن نیشانداوە، بەڵام ئەو یان رێککەوتنێکی باش دەکات یان هیچ رێککەوتنێک واژۆ ناکات."
ئەم لێدوانانەی رۆبیۆ لەکاتێکدا دێن، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاندبوو، هێرشیان کردووەتە سەر پێگەکانی هاوێشتنی مووشەک و ئەو بەلەمانەی خەریکی میندانان بوون لە باشووری ئێران. ئەمەش گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر هەوڵە دیپلۆماسییەکان لە قەتەر بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی هەشت هەفتەیە لەنێوان هەردوو وڵاتدا بەردەوامە.
رۆژی 28ـی شوباتی رابردوو، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و دواتر تاران بە مووشەک و درۆن و هێرش بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە وەڵامی دانەوە. لە رۆژی 8ـی نیسانی ئەمساڵیشەوە، بە نێوەندگیریی پاکستان ئاگربەست راگەیێندرا، بەڵام ناوە ناوە هەردوولا هێرش دەکەنە سەر یەکدی و ئاگربەستەکە پێشێل دەکەن.
