رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێشتا لەو پێشنیازانەی ئێران بۆ رێککەوتنێک پێشکێشی کردوون "رازی نییە" و گوتی، "یان رێککەوتن دەکەین، یان ناچار دەبین کارەکە تەواو بکەین."
ئەمە لە کاتێکدایە، میدیای فەرمیی ئێران وردەکاریی رەشنووسی رێککەوتنێکی بڵاوکردەوە کە کۆشکی سپی بە "درۆیەکی تەواو" وەسفی کرد. هاوکات، ترەمپ هەڕەشەی تەقاندنەوەی عومانی کرد و رایگەیاند، هیچ لایەنێک کۆنترۆڵی تەنگەی هورمزی نابێت.
رۆژی چوارشەممە 27-05-2026، لە کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتەکەیدا لە کۆشکی سپی، دۆناڵد ترەمپ دووپاتیکردەوە، پەلەی نییە لە گەیشتن بە رێککەوتنێک.
ترەمپ گوتی: "ئێران زۆر نیازی هەیە، زۆر دەیانەوێت رێککەوتنێک بکەن. تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتە ئەوێ. ئێمە لێی رازی نین، بەڵام رازی دەبین. یان ئەوە، یانیش ناچار دەبین کارەکە تەواو بکەین،" کە ئاماژە بوو بۆ هەڕەشەکانی بۆ دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان.
کۆشکی سپی راپۆرتە ئێرانییەکە بە 'درۆ' وەسف دەکات
پێش کۆبوونەوەکەی کابینە، تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران رایگەیاند، رەشنووسی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەگەڵ واشنتن، پابەندبوونی ئەمریکای بۆ هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی سەر ئێران، ئاساییکردنەوەی هاتووچۆ لە تەنگەی هورمز و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای لە کەنداو تێدایە.
بەڵام کۆشکی سپی بە تووندی وەڵامی دایەوە و راپۆرتەکەی بە "درۆیەکی تەواو" وەسفکرد و رایگەیاند: "نابێت کەس باوەڕ بەوە بکات کە میدیای فەرمیی ئێران بڵاوی دەکاتەوە."
ئێران بۆ رێککەوتن "دەپاڕێتەوە"
لە کۆبوونەوەکەدا، ترەمپ رایگەیاند ئیدارەکەی زاڵە بەسەر دۆخەکەدا. "ئێستا گەیشتووینەتە تێگەیشتنێک لەگەڵ ئێران. ئەوان دەیانەوێت رێککەوتنێک بکەن و پێموانییە هیچ بژاردەیەکی دیکەیان هەبێت."
ترەمپ گوتیشی: "ئێران دەیەوێت رێککەوتنێک بکات، ئێمەش یان رێککەوتنێک دەکەین یان کارەکە تەواو دەکەین."
هەروەها باسی لەوە کرد، ئەوەی ئێستا روودەدات، لە بنەڕەتدا "گۆڕینی رژێمە." "ئامانجی سەرەکیمان گۆڕینی رژێم نەبوو لە ئێران، بەڵام ئێستا لەگەڵ گرووپێکی جیاوازی خەڵکدا مامەڵە دەکەین. رژێمێک رۆیشت، رژێمێکی دیکە رۆیشت و ئێمە لەگەڵ چینی سێیەمدا مامەڵە دەکەین."
سەرۆکی ئەمریکا هێڵە سوورەکانی خۆی بۆ هەر رێککەوتنێک لەگەڵ ئێراندا دووپاتکردەوە. ترەمپ رایگەیاند: "تەنگەی هورمز بۆ هەمووان کراوە دەبێت و لەلایەن هیچ کەسێکەوە کۆنترۆڵ ناکرێت. ئێمە چاودێریی دەکەین، بەڵام هیچ لایەنێک کۆنترۆڵی ناکات." لە هەڕەشەیەکی چاوەڕواننەکراویشدا گوتی: "عومانیش وەک هەموو کەسێکی دیکە رەفتار دەکات، ئەگەرنا ناچار دەبین بیانتەقێنینەوە."
ترەمپ گوتی، هیچ سازشێک لەسەر پارە سڕکراوەکان ناکات. "ئێمە باسی هیچ سووککردنێکی سزاکان یان پێدانی پارە ناکەین. ئێمە کۆنترۆڵی ئەو پارەیەمان لایە کە ئەوان بانگەشەی دەکەن هیی ئەوانە. کۆنترۆڵی ئەو پارەیە دەهێڵینەوە. کاتێک رەفتاریان باش بوو و کاری راستيان کرد، رێگەیان دەدەین پارەکەیان وەربگرن."
ترەمپ هەروەها دووپاتیکردەوە، "ناتوانرێت رێگە بە ئێران بدرێت خاوەنی چەکی ئەتۆمی بێت. ئەوان دەستبەجێ و بەبێ دوودڵی بەکاریدەهێنن. من بۆ جیهان رێگرییان لێدەکەم." هەروەها رایگەیاند، "نائاسوودەیە" بەو بیرۆکەیەی کە رووسیا یان چین کۆگەی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران وەربگرن.
روبیۆ و هێگسەس: ئامانجەکانمان بەدیهێناوە
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە و پیت هێگسەس، وەزیری جەنگ لە کۆبوونەوەکەدا پشتیوانییان لە هەڵوێستی ترەمپ کرد.
مارکۆ روبیۆ گوتی: "خاڵی سەرەکی ئەوەیە کە ئێران هەرگیز نابێت خاوەنی چەکی ئەتۆمی بێت. ئێمە رێڕۆی دیپلۆماسیی دانوستاندنکراومان پێ باشترە و هەموو دەرفەتێکی سەرکەوتنی پێدەدەین."
وەزیری جەنگ گوتی: "ئێمە گەمارۆیەکی جیهانیمان خستووەتە سەریان. رەنگە مووشەکیان هەبێت، بەڵام ئێستا ناتوانن زیاتر دروست بکەن. ناتوانن درۆنی زیاتر دروست بکەن. ناتوانن کەشتیی زیاتر دروست بکەن. ئەوان هاتن و بۆ گفتوگۆ پاڕانەوە."
ترەمپ رایگەیاند، "ئێمە لەسەر داوای سەرۆکوەزیرانی پاکستان و سوپاسالارەکەی، چانسێکی کورت بە ئێران دەدەین."
لەلایەکی دیکەشەوە، ترەمپ دووپاتیکردەوە، رێککەوتن لەگەڵ ئێراندا بەندە بەوەی وڵاتانی کەنداو بچنە نێو رێککەوتنەکانی ئەبراهامەوە. "من دڵنیا نیم" ئایا دەبێت رێککەوتن لەگەڵ ئێران بکرێت ئەگەر وڵاتانی کەنداو نەچنە پاڵ رێککەوتنەکانی ئەبراهام، چونکە "ئەوان قەرزاری ئێمەن."
