رووداو دیجیتاڵ
دوای ساڵانێکی زۆر لە چاوەڕوانی، یانەی ئارسیناڵ گەڕایەوە سەر ستەیجی نازناوی پرێمەرلیگ. دوای ساڵانێکی کەمیش لە دەستبەکاربوونی میکێل ئارتێتا، یانەکە چاوەڕوانییە درێژەکەی بۆ گەیشتن بەخەونەکەی، کۆتایی هات.
ئارتێتا کە ساڵانێکی بەرچاو لە یانەکە رووبەڕووی رەخنە و گاڵتەپێکردنی هاندەرانی تیپەکانی دیکە بووەوە، لەماوەی کارکردنی خۆی بۆ گێڕانەوەی ئارسیناڵ بۆ نازناوە دڵخوازەکەی، شێوازی جیاوازی بۆ هاندانی یاریزانەکانی بەکارهێنا.
ئەو راهێنەرە 44 ساڵانە، رۆژانێک سروودی 'نێڤەر ۆک ئەلۆن'ی لیڤەرپوولی لە مەشقەکانی یانەکەیدا بەکارهێنا و دواتر سەگێکی هێنایە ژووری جلگۆڕین و کەسانی تەڕدەستی بەکارهێنا، تاوەکو سەرنجدان و وردبوونەوەی یاریزانەکانی زیاد بکات.
لێدانی سروودەکەی لیڤەرپوول، لە سەنتەری مەشقەکانی ئارسیناڵدا، تەنیا بۆ ئەوەبوو ئیلهام بەیاریزانەکانی ببەخشێت بۆ بردنەوە.
ئەو دەیویست هانیان بدات لەوەدا کە پلانەکانی ئەو جێبەجێ بکەن، لە کاتێکدا کەشی مەشقەکان وەک کەشی نێو ئانفێڵدە.
لەسەر رێگەی بەدەستهێنانی هەمان نازناودا، راهێنەرە ئیسپانییەکە کۆمەڵێک تەڕدەستی لێهاتووی بردە ژووری جلگۆڕینی یاریزانەکانی، تاوەکو یاریزانەکانی فێربن چۆ بەردەوام بەوریایی بمێننەوە و ئامادەبن بۆ هەموو رووداوێک.
رۆژێک لە رۆژان، کۆمەڵێک کەسی لێهاتووی تەڕدەستی، چوونە ژووری جلگۆڕینی یاریزانەکانی ئارسیناڵ و بەبیانووی وێنەگرتن لەگەڵیان، چەندین کەلوپەلیان بەگاڵتەوە لێدزین، کاتێک یاریزانەکان بەوەیان زانی، ئەوەیان پێگوترا کە پێویستە لە مامەڵەکردن لە هەموو ساتێک و لەگەڵ هەموو کەسێکدا، ئەوپەڕی وریابن.
ئارتێتا، رۆژانێک لەسەر ئەو شێوازە بووە مایەی گاڵتەجاڕیی هاندەرانی تۆپی پێ، بەڵام لە کۆتاییدا گەیشتە پێکەنینە گەورەکە.
میکێل لەماوەی حەوت ساڵ مانەوە لە ئارسیناڵ، گۆڕانکاریی زۆری لە سەنتەری مەشقەکانی یانەکەیدا ئەنجامدا. یەکێک لەوانە، دانانی پەیکەرێکی جامی پرێمەرلیگ بوو کە رووناکیی لەچواردەورە، بەڵام کوژاوەتەوە. ئەو گوتبووی تەنیا ئەو کاتە گڵۆپەکانی چواردەوری جامەکە هەڵدەکرێن، کە نازناوەکەتان بردەوە، ئێستا ئیدی دەبێ ئەوە روویدابێت.
ئیدۆ، کە پێشتر بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەکە بوو، کاتێک یاریزانە نوێیەکانی یانەکەی بەسەنتەری مەشقەکاندا دەگێڕا، پێی دەگوتن، "رۆژێک دێت ئەم گڵۆپانەی چواردەوری جامەکە هەڵدەکەین".
ئارتێتا، هەروەها کاری کرد لەسەر پتەوکردنی پەیوەندی نێوان یاریزانەکانی لە رێگەی ئەنجامدانی ئێوارەخوانی بەکۆمەڵ و پێکەوە ئاهەنگگێڕان. چەندین دروشمی جیاوازی لە ژوورەکانی سەنتەرەکەدا هەڵواسی، لە شێوە "بڕوا، ئازایەتی و کوالیتی".
یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین دروشمە هەڵواسراوەکانی ئارتێتا، ئەو دروشمەیە کە لەسەری نووسراوە، "بەهۆی تۆپە جێگیرەکانەوە، یارییەکە ببەرەوە".
تۆپە جێگیرەکان، جارێکی دیکە کاریگەرترین چەکی دەستی ئارسیناڵ بوون لە وەرزە مێژووییەکەیدا.
ئارتێتا لەو کاروانە پڕ لە رووداوە وردەدا، کاری دیکەی سەیری کرد، ئەو سەگێکی بەتایبەت بردە سەنتەری مەشقەکانی یانەکەی و وایکرد بەبەردەوام لەوێ بایەخی پێبدرێت و چاودێری بکرێت، تاوەکو لایەنی مرۆیی و بەزەیی لای یاریزانەکانی بەرەو سەر ببات.
هەروەها بایەخدان بە دارزەیتوونێکی تەمەن 150 ساڵەی لە سەنتەری مەشقەکاندا کردە ئەرکێکی بەردەوامی یاریزانەکانی، تاوەکو پێکەوە خۆشییان پێببەخشێت و کاری بەکۆمەڵیان پێ بکات.
ئارسیناڵ و ئارتێتا، نەک خەونە بیست و دوو ساڵییەکەیان کردە راستی، بەڵکو لەبەردەم نووسینەوەی مێژوویەکی گەورەتردا دەبن، کاتێک لە کۆتایی ئەم مانگەدا رکابەریی لەسەر نازناوی چامپیۆنزلیگ دەکەن، لە بەرامبەر پاریس سانجێرمانی فەرەنسی کە بۆی هەیە ناوی ئەوان، بۆ هەتا هەتایە لە مێژووی یانەکەدا بەنەمری بهێڵێتەوە.
