رووداو دیجیتاڵ لە ئەنجامی لافاو و لێزمەباران، زیانێکی مادیی یەکجار زۆر بە پارێزگاکانی رەققە و دێرەزوور کەوت. ئاو بە تەواوی چووەتە ناو کەمپی (یۆنانی)ی ئاوارەکان لە باشووری رەققە، ئەمەش وایکردووە زیاتر لە 180 خێزان بەپەلە رابگوازرێن. راماڵینی 4.5 هەزار هێکتار دەخڵودان لە گوندەکانی دەوروبەری دێرەزوور، ئاو چووەتە ناو 65 خانووی قوڕ و زیانی پێ گەیاندوون. هەروەها لافاوەکە نزیکەی 4,500 هێکتار زەویی کشتوکاڵیی بەپیت کە گەنم و جۆی تێدا چێندراوە، وێران کردووە. جیا لەوەش، چەندین بنکەی گەشتیاری و چێشتخانەی کەنار رووبارەکە ژێرئاو کەوتوون و ژمارەیەکی زۆر ئاژەڵیش تیاچوون. سەرۆکی روانگەی سووریایی بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت: ئەم ئامارانە سەرەتایین و بەهۆی بەردەوامیی لافاوەکەوە ئەگەری بەرزبوونەوەیان هەیە. درز کەوتووەتە نێو بەنداوی حەسەکە سەرچاوە خۆجێیەکان دەڵێن: وێستگەی ئاو لە بەنداوی باشووری حەسەکە درزی تێکەوتووە و ئاوی لێ دەچێت. پسپۆڕان هۆشداری دەدەن کە ئەم دۆخە مەترسی بۆ سەر کارکردنی بەنداوەکە و تەواوی سیستەمی ئاودێریی ناوچەکە دروست دەکات. ئەم لافاوە بێپێشینەیە دوای ئەوە هات کە ئاوی بەنداوی فورات گەیشتە 97%ی توانای خۆی. هۆکاری ئەمەش بۆ بارانبارینی نائاسایی و زیادبوونی رێژەی ئاوی هاتوو لە تورکیاوە دەگەڕێتەوە، کە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە بەنداوی "ئەتاتورک"ی کردووەتەوە بۆ کەمکردنەوەی گوشاری ئاوەکەی. ئەمەش وای کردووە سەرپەرشتیارانی بەنداوی فورات، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، 5 دەروازە بۆ کەمکردنەوەی ئاوی بەنداوەکە بکەنەوە. ئاستی رووباری فورات دوو مەتر بەزربووەتەوە ئەم هەنگاوە ئاستی ئاوی رووبارەکەی زیاتر لە دوو مەتر بەرز کردووەتەوە، کە بووە هۆی داخستنی پردی کۆنی رەققە (مەنسور). هەروەها هەموو پردە سەربازی و کاتییەکان لە دێرەزوور بەهۆی هێزی ئاوەکەوە بە تەواوی لە کار کەوتوون. "مەترسیی بڕانی کارەبا هەیە" رامی عەبدولڕەحمان، سەرۆکی روانگەی سووریایی بۆ مافەکانی مرۆڤ بە رووداوی گوت، خەڵکی رەققە داوای هاوکاریی بەپەلە دەکەن، چونکە ئاوەکە نزیکبووەتەوە لە بگۆڕی کارەبای ناوچەکە و مەترسیی پچڕانی تەزووی کارەبا هەیە. تیمەکانی فریاکەوتن لە ناوچەی (حەویجە بەدر) خەریکی دروستکردنی بەربەستی خۆڵین تاوەکو رێگری لە ئاوەکە بگرن و چیدیکە نەچێتە ناو ماڵەکان. چاودێرێک بە روانگەی گوتووە، "حکومەت تەنیا هۆشداری دەدات و کارەکان تەنیا لەلایەن بەرگریی شارستانی و تیمە خۆبەخشەکانەوە دەکرێن."