رووداو دیجیتاڵ
پرسی "کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەت" کە یەکێکە لە بڕگە سەرەکییەکانی نێو بەرنامە حکومییەکەی عەلی زەیدی بۆچوونی جیاوازی گرووپەکانی لەبارەوە هەیە. بزووتنەوەی نوجەبا بە "ئەستەم" دەیزانێ، کەتیبەکانی حیزبوڵڵاش پێشنیازی کڕینی چەکە پێشکەوتووەکانی وەک درۆن و مووشەک دەکات. عەسائیبیش دەڵێت: "چەکمان لای خۆمان نەماوە و رادەستمان کردووە."
بەرپرسێکی باڵای ئەمنیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لانیکەم سێ گرووپی چەکدار، کە یەکێکیان سەرایای سەلامە، نەرمییان نیشانداوە و ئامادەییان بۆ گفتوگۆ و دانانی میکانیزمێک بۆ رادەستکردنی چەکەکانیان دەربڕیوە."
بەڵام دەڵێ، هەندێک گرووپی دیکە بە تەواوی پڕۆسەکە رەتدەکەنەوە و "گرووپەکانی وەک کەتائیبی حیزبوڵڵا و نوجەبا بە تووندی دژی پڕۆژەکەن و ئامادە نین چەکەکانیان رادەست بکەن."
نوجەبا: تاوەکو ئەمریکا بمێنێت، چەک رادەست ناکەین
بزووتنەوەی نوجەبا پڕۆسەکە بە تەواوی رەتدەکاتەوە. فیراس یاسر، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی نوجەبا بۆ رووداو گوتی: "تاوەکو عێراق سەروەریی دارایی، سیاسی و ئەمنی نەبێت و هێزەکانی ئەمریکا لە وڵات بن، رادەستکردنی چەک تەنیا پڕوپاگەندەی میدیاییە."
فیراس یاسر ئاماژەی بەوە کرد: "کاتێک ئەمریکا دەستوەردان لە دانانی سەرۆکوەزیرانیش دەکات، چۆن باس لە رادەستکردنی چەک دەکرێ؟" گوتیشی کە چەکەکانی ئەوان تەنیا "بەرەو رووی دووژمنانی عێراقە" و بژاردەیەکی دیکەیان نییە جگە لە پاراستنی خۆیان.
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی نوجەبا دەشڵێت: "ئەم بابەتەی کۆکردنەوەی چەک، زیاتر پڕوپاگەندەیەکی میدیاییە نەک واقیعی حاڵ. بیرۆکەکە هێشتا نەگەیشتووەتە قۆناخی پێگەیشتن و هیچ رێککەوتنێکی لەسەر نییە."
"رادەستکردنی چەک قبووڵکراو نییە"
فیراس یاسر گوتی: "پێمان وانییە ئەم بابەتە بە ئاسانی تێپەڕێ، هەروەها لەلایەن مقاوەمەی ئیسلامیی عێراقییەوە قبووڵکراو نییە کە ئەم بابەتە لە دۆخی ئێستادا باس بکرێ."
بە بڕوای ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی نوجەبا، "ئێستا عێراق خاوەنی هیچ پارێزبەندییەک نییە. بڕیارە دارایی، سەروەری، ئەمنی و سەربازییەکانی لە دەستی ئەمریکایە و هیچ سیستمێکی بەرگرییشی نییە. ئەمەمان لە ئەزموونی بەربژێرکردنی بەڕێز مالیکی و رەتکردنەوەی لەلایەن ترەمپەوە بینی، تەنانەت ترەمپ لەبارەی سەرۆکوەزیرانی ئێستاشەوە گوتی ئێمە بەشداربووین لە دانانی سەرۆکوەزیرانی عێراق یان پشتگیریکردنی."
هەروەها باسی لە بوونی مقاوەمەی ئیسلامی کرد بەهۆی دۆخی سووریا و گوتی: "ئەوەت بیر نەچێت کە ئێستا لە سووریا چی روودەدات؛ لە جووڵە و کۆبوونەوە و مەشقپێکردنی گرووپە چەکدارەکان، ئەمە شتێکی دوور نییە کە رووبدات."
کەتیبەکانی حیزبوڵڵا: چەک دەکڕین
ئەبو موجاهید عەساف، بەرپرسی ئەمنی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق، لەبارەی ئەو بابەتە لە پلاتفۆرمی (ئێکس) رایگەیاند، کاری جیهادی ئێستا "واجبێکی کیفائییە" و ئەوان لەبری ئەو لایەنانەی وازدەهێنن بەردەوام دەبن.
رۆژی 26ی مانگی رابردوو موقتەدا سەدر جیاکردنەوەی باڵە سەربازییەکەی (سەرایا سەلام) لە رەوتەکەی راگەیاند و داوای لە گرووپەکانی نێو حەشدی شەعبی کرد چەکەکانیان رادەست بکەن.
عەساف پێشنیازی هاوکاریی بۆ ئەو لایەنانە کردووە کە دەیانەوێ چەکەکانیان رادەست بکەن و گوتی: "ئامادەین سەرپەرشتی سەرژمێریکردنی چەکەکان و کۆگەکردنیان بکەین؛" هەروەها دەشڵێت، "ئامادەین ئەو چەکە تایبەتانەی کە دەزگاکانی دەوڵەت پسپۆڕییان تێدا نییە، وەک درۆن، مووشەک و دژەتانک وەربگرین و پارەکەشیان بدەین."
عەسائیب: چەکمان لەنێو شارەکان نەماوە
بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق، کە خۆی بە بەشێک لە بڕیاری سیاسیی دەوڵەت دەبینێت، دەڵێت کێشەیان لەگەڵ پڕۆژەکەدا نییە.
حوسێن شەیحانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی عەسائیب بۆ رووداو گوتی: "ئێمە لە ساڵی 2017ـەوە چەکمان رادەستی دەوڵەت کردووە و ئێستا لیواکانی 41، 42 ە 43 چەکەکانیان لەنێو شارەکاندا نییە، بەڵکو لە کۆگاکانی حەشدی شەعبیدان و وەک موڵکی دەوڵەت ئەژمار دەکرێن."
بەرپرسێکی باڵای ئەمنیی عێراق بۆ رووداو ئاشکرای کرد: "ئەم رێکارانە هێزەکانی پێشمەرگە ناگرێتەوە، چونکە ئەوان بەشێکن لە سیستمی بەرگریی عێراق و پەیوەستن بە سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستانەوە."
بەرنامەی حکومەتی نوێی عێراق، کە لەژێر دروشمی "دەوڵەتێکی سەقامگیر و ئابوورییەکی بەرهەمهێن"، کار بۆ چوار ساڵی داهاتوو دەکات. لە یەکەم خاڵی بەرنامەکەدا ستراتیژیی حکومەت دیاریکراوە کە یەکێک لەوانە بریتییە لە کۆکردنەوەی چەک لەدەستی دەوڵەت، ئەمەش وەک هەنگاوێکی بنەڕەتی بۆ "سەپاندنی دەسەڵاتی یاسا و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی" لە قۆناخی داهاتوودا ناسێنراوە.

