رووداو دیجیتاڵ وەزارەتی تەندروستیی عێراق جۆرێک خواردنەوەی وزەبەخش قەدەخە دەکات، بەپاساوی ئەوەی مۆڵەتی فەرمیی لە وەزارەتی پیشەسازی نییە. رۆژی سێشەممە 2ی حوزەیرانی 2026، د. دڵشاد شنگالی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "وەزارەتی تەندروستیی عێراق بڕیاری قەدەخەکردنی خواردنەوەی وزەبەخشی (فۆڕ یوو)ی داوە و بە نووسراوی فەرمی بۆمان نێردراوە؛ ئێمەش گشتاندمان بۆ کردووە بۆ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان." سەبارەت بە هۆکاری قەدەخەکردنی وزەبەخشەکە، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی نەینەوا گوتی: "خواردنەوەکە مۆڵەتی فەرمی وەزارەتی پیشەسازی نییە." نووسراوەکەی وەزارەتی تەندروستی لە 11ی ئایار دەرکراوە و لە 20ی هەمان مانگ نێردراوە بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی تەندروستی لە پارێزگاکانی عێراق. بەگوێرەی نووسراوەکە، ئەو خواردنەوە وزەبەخشە بەرهەمی کارگەیەکی عێراقییە بۆ خواردنەوە گازییەکان و ئاوی سروشتی، کە لە پارێزگای کەرکووکە و کارگەکە لە 19نیسانی 2026 مۆڵەتی وەرگرتووە، بەڵام لە کاتی وردبینى لە دۆسیەکانیدا دەرکەوتووە رەزامەندیی وەزارەتی پیشەسازیی وەرنەگرتووە بۆ ئەوەی ئەو خواردنەوە وزەبەخشە (فۆڕیوو) بەرهەم بهێنێت. د. دڵشاد شنگالی گوتى:"نووسراومان کردووە بۆ ئەوەى دەست بەسەر ئەو خواردنەوە وزەبەخشەدا لە بازاڕەکاندا بگیرێت". فۆڕیوو ئەو خواردنەوە وزەبەخشە بوو کە عەبدولڕەحمان محەممەد، ناسراو بە "ئەبو جەننە"، تیکتۆکەر و خاوەنی چێشتخانەیەکی تایبەت بە ماسیی برژاو لە مووسڵ، ریکلامی بۆ دەکرد و بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە لەنێو قووتووی ئەو خواردنەوەیەدا خەڵات هەیە بۆ ئەو کەسانەی دەیکڕن، کە بریتین لە 10 ئۆتۆمبێلی جۆری تاهۆ و 250 ئامێری تەلەفۆنی ئایفۆن. ئەو تیکتۆکەرە لە دوای ئەو ریکلامە، لەلایەن دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراقەوە دەستگیرکرا بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەی داهاتەکەی بکرێت.