رووداو دیجیتاڵ
سەدان خاوەن بڕوانامەی باڵا و یەکەمی زانکۆ و پەیمانگەکان لە بەغدا لە بەردەم دەروازەکانی ناوچەی سەوز گردبوونەوە و داوای جێگیرکردنی ناویان بۆ دامەزراندن لە بودجەی ساڵی 2026 دەکەن. ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵیش دەڵێت: دامەزراندنیان بەستراوەتەوە بە پەسندکردنی بودجەوە.
رۆژی دووشەممە، 25ـی ئایاری 2026، سەدان دەرچووی خاوەن بڕوانامە باڵاکان (ماستەر و دکتۆرا) لە ناوەڕاستی بەغدا گردبوونەوە و داوایان لە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، پلەی وەزیفییان لە بودجەی ساڵی داهاتوودا بۆ دیاری بکرێت و بڕیاری دامەزراندن هەمووان بگرێتەوە.
ئەگەر دامەزراندنەکە جێبەجێ بکرێت، ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
موهەنەد عەلی، یەکێک لە خۆپێشاندەران بە رووداوی گوت: "داوا لە کابینەی نوێی حکومەت دەکەین مافمان پێبدات؛ هاوشێوەی دەرچووانی ساڵانی پێشوو، ئەمە مافی خۆمانە و چاوەڕێی رەزامەندیی سەرۆکوەزیرانین."
فاتیمە ئەحمەد، خۆپێشاندەرێکی دیکەیە و دەڵێت: "ئێمە وەجبەی سێیەمین، دوو وەجبە لەپێش ئێمە دامەزران؛ لە کابینەی پێشووی حکومەتیش خۆپێشاندانمان کرد و دەنگمان گەیاند، بەڵام بێسوود بوو. هیوادارین عەلی زەیدی لە بودجەی ساڵی 2026ـدا دامەزراندنی بڕوانامە باڵاکان جێگیر بکات."
سەعد لامی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی بە رووداوی راگەیاند: "دامەزراندنی خاوەن بڕوانامە باڵاکان و یەکەمەکان بەستراوەتەوە بە بودجەی ساڵی 2026، ئێمە چاوەڕێی بودجەین بۆ ئەوەی رێکارەکان دەستپێبکەین."
ئەم خۆپێشاندانە لە کاتێکدایە، هەموو خاوەن بڕوانامە باڵاکان و یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان، کۆدی دامەزراندنیان لە ساڵی 2025ەوە لە رێگەی کورتەنامە و ئیمەیڵەوە پێگەیشتووە و تەنیا چاوەڕێی کاراکردنی فۆرمی دامەزراندنن.
بەگوێرەی یاساکانی ژمارە (67) و (59)ی ساڵی 2017، دامەزراندنی خاوەن بڕوانامە باڵاکان و یەکەمەکان بە مافێکی یاسایی دادەنرێت.
بەگوێرەی ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی عێراق، 46 هەزار و 918 کەس داواکارییان بۆ وەرگرتنی کۆدی وەزیفی پێشکێش کردووە، کە پێکهاتوون لە 22 هەزار و 590 نێر و 24 هەزار و 328 مێ.
