رووداو دیجیتاڵ
فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق بە فەرمی بووە جێگری سەرۆکوەزیران و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئابووری، کە لە حکومەتی پێشووی عێراقدا بەدەست کوردەوە بوو.
سێشەممە 26ـی ئایاری 2026، وەزارەتی دارایی عێراق نووسراوی تایبەت بە وەرگرتنی ئەو پۆستە نوێیەی فالح ساری بڵاوکردەوە، کە لە 17ـی ئایار لەلایەن فالح زەیدى، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە دەرکرابوو.
بەگوێرەی نووسراوەکە، فالح ساری راسپێردراوە بۆ ئەوەی ببێتە جێگری سەرۆکوەزیران بۆ سەرۆکایەتیکردنی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئابووری و بڕیارەکە لە رۆژی دەرچوونیەوە جێبەجێ دەکرێت.
فالح ساری لە 14ـی ئایار وەک وەزیری دارایی عێراق لە چوارچێوەی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق لە پەرلەمان متمانەی پێدرا، کە لە پشکی رەوتی حیکمەیە و عەممار حەکیم سەرۆکایەتی دەکات.
جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری ئابووری لە کابینەی پێشووی حکومەتی عێراق، بە دەست فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی ئەو کاتە و ئێستای عێراقەوە بوو.
