رووداو دیجیتاڵ
نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوایان کرد کە هەوڵەکان چڕ بکرێنەوە بۆ تەواوکردنی کابینەی نوێی حکومەت.
ئەو دوو بەرپرسە پێنجشەممە 28ی ئایاری 2026 لە بەغدا کۆبوونەوە؛ بەگوێرەی نووسینگەی رۆژنامەڤانیی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بارودۆخی عێراق کراوە.
لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە؛ هەردوو لا باسیان لە گرنگیی چڕکردنەوەی هەوڵەکان کردووە لەنێوان هێزە سیاسییەکان بۆ تەواوکردنی پێکهاتەی حکومەت، بۆ ئەوەی بتوانێت کارنامەکەی و پلانی پەرەپێدان جێبەجێ بکات، بە شێوەیەک خواستەکانی گەلی عێراق بهێنێتە دی.
لە 14ی ئایاری 2026، لە کۆی 23 وەزارەتی حکومەتی نوێی عێراق، دەنگ لەسەر بەربژێری 14 وەزارەتى ئەو حکومەتە درا.
دەوڵەتی یاسا کە نووری مالیکی سەرۆکایەتى دەکات، لە کابینەی نوێی حکومەتدا وەزارەتەکانی ناوخۆ، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی بەردەکەوێت، بەڵام تاوەکو ئێستا دەنگ بە بەربژێرەکانی ئەو وەزارەتانە نەدراوە.
