رووداو دیجیتاڵ
رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی فەرمیی مار پۆڵس نۆنا وەک سەرۆکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان، لە بەغدا بەڕێوەدەچێت.
رێوڕەسمەکە پێشوەڕۆی رۆژی هەینی، 29ی ئایاری 206 لە کەنیسەی مار یوسف لە بەغدا دەبێت.
ئەلبێر هیشام نەعوم، بەڕێوەبەری نووسینگەی رۆژنامەڤانیی پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: لە مەراسیمەکەدا ژمارەیەک لە قەشە و سەرۆکی کەنیسەی کاسۆلیکی بەشدار دەبن، جگە لە لوبنان، شاندی قەشەکانی ئوسترالیاش لەو مەراسیمەدا بەشدار دەبن، بەوپێیەی مار پۆڵس نۆنا ماوەیەک لە کەنیسەکانی ئەو وڵاتە بووە.
ئەلبێر هیشام نەعوم راشیگەیاند: شاندی کریستیانەکانی پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەو رێوڕەسمەکەدا بەشدار دەبن، بەتایبەت کریستیانەکانی نەینەوا، بەو پێیەی سەرۆکی نوێی کەنیسەکە خەڵکی ئەو پارێزگایەیە.
هەڵبژاردنی مار پۆڵس نۆنا، وەک سەرۆکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان لە رۆژی 9 تاوەکو 12ی نیسانی 2026 لە شاری رۆمای ئیتاڵیا کرا.
بەڕێوەبەری نووسینگەی رۆژنامەڤانیی پاتریارکیی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان رایگەیاند، دانانی سەرۆکی نوێی کەنیسەکە بە دوو قۆناخە، یەکەمیان هەڵبژاردنی لەلایەن ڤاتیکانەوە و قۆناخی دووەمیش رێوڕەسمی دانانێتى لەو پۆستەدا، کە بە شێوەیەکی فەرمی دەستبەکار دەبێت.
مار پۆڵس نۆنا، لە 1ی تشرینی دووەمی 1967 لە ناحیەی ئەلقۆشی پارێزگای نەینەوا لەدایکبووە، دکتۆرای لە زانستی لاهووت هەیە، لە ساڵی 2010 بۆ 2024 سەرۆکی ئەسقۆفەکانی مووسڵی کەنیسەی کلدانی بووە.
10ی ئاداری 2026، لویس ساکۆ، دەستی لە پۆستی سەرۆکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان کێشایەوە، دوای ئەوەی بۆ ماوەی 13 ساڵ ئەو پۆستە ئایینییەی بەڕێوەبرد.
