رووداو دیجیتاڵ
لە نێو راڕەوەکانی هەڵبژاردەی ئیسپانیادا، بەبێدەنگی گەمەیەکی نهێنی بۆ گواستنەوەی یاریزانان ئەنجامدەدرێت. لەوێ نە دەستەوارەی فەرمی هەیە، نە دانوستاندنی ئاشکرا، بەڵام نامە گۆڕینەوەی گەرم هەیە و ئەوەی دۆخەکە هەڵدەسوڕێنێت، مارک کۆکۆریای بەرگریکەری یانەی چێڵسییە.
کۆکۆریا، خۆی لەدایکبووی هەرێمی کەتەلۆنیایە، ئامانجی هاوبەشی نێوان هەردوو یانەی بارسێلۆنا و ئاتلێتیکۆ مەدریدە.
رۆژنامەی 'سپۆرت' لە زاری سەرچاوەی نزیک لە کەمپی هەڵبژاردەکەی گواستووەتەوە، ئاتلێتیکۆ مەدرید سەرنجی خستووەتە سەر کۆکۆریا و جووڵەی راستەوخۆی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو یاریزانە دەستپێکردووە.
رۆژنامەکە دەڵێ، کۆکۆریا کە دەرچووی لاماسیای بارسێلۆنایە و لە یانە کەتەلۆنییەکە هەلی راستەقینەی دەرکەوتنی لە یانەکە وەرنەگرتووە، پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ یاریزانانی ئاتلێتیکۆ مەدرید هەیە لە هەڵبژاردەکە، بەتایبەتیش لەگەڵ ئەلێکس باینا و لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا، ئەو دوو یاریزانە پێکەوە، باسی یارییکردن لە ئاتلێتیکۆیان کردووە.
سپۆرت دەڵێ، جووڵەکانی ئاتلێتیکۆ بەنهێنی نەماونەتەوە، مارک بۆبیلی یاریزانی ئاتلێتیکۆ لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی هەڵبژاردەکەدا گوتی، "داوام لە کۆکۆریا کرد، بێتە ئاتلێتیکۆ". ئەو لێدوانە دووپاتیکردەوە کە یانەکەی مەدرید، چاوەڕێی کردنەوەی بازاڕی گواستنەوە ناکات و پڕۆسەی هێنانی لەنێوخۆی هەڵبژاردەی ئیسپانیادا دەستپێکردووە.
ئاتلێتیکۆ پێیوایە یاریزانەکەی چێڵسی، دەبی سەرووی لیستی یاریزانە بەئامانجگیراوەکانی بێت، پێیوایە کە ئەوە بژاردەیەکی نموونەییە بۆ یارییکردن لەژێر دەستی دیێگۆ سیمیۆنی راهێنەر و ئامادەیە لە یەکەم دەستەوارەدا 48 ملیۆن یۆرۆ بداتە، ئەگەرچی گرێبەستی ئەو یاریزانە لەگەڵ چێڵسی تاوەکو 2028ە.
لە بەرامبەر ئەو هەواڵانەدا، بارسێلۆنا هێشتا لەنێو دیمەنە گشتییەکەی هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی کۆکۆریادایە، بەتایبەت کە ئەو یاریزانە پێشتر لە لێدوانێکی وروژێنەردا گوتبووی، "دەبێ بیر لە بەرژەوەندیی خێزانەکەم بکەمەوە و ئەگەر دەستەوارەی بارسێلۆنام بۆ بێت، قورسە رەتی بکەمەوە".
ئاتلێتیکۆ مەدرید تاوەکو ئەم ساتە گرێبەستکردنی لەگەڵ هیچ یاریزانێک رانەگەیاندووە، لە کاتێکدا بارسا بەفەرمی گرێبەستکردنی لەگەڵ ئانتۆنی گۆرۆدنی ئینگلیزی راگەیاندووە.



