رووداو دیجیتاڵ
مۆندیالی ئەمساڵ گەڕانەوەی ژمارەیەک راهێنەری گەورە بۆ مەشقدانی هەڵبژاردەکان بەخۆوە دەبینێت، لە کاتێکدا هەندێک راهێنەر جارێکی دیکە و مۆندیالێکی دیکە، لەگەڵ هەمان هەڵبژاردەدا ئەنجام دەدەنەوە.
ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا لە دوایین ئامادەکارییەکانیاندان بۆ میوانداریکردنی مۆندیالی ئەمساڵ، کە یەکەمجارە بەشداریی 48 هەڵبژاردە بەخۆوە دەبینێت.
ئەزموونی پێشووی ئەو راهێنەرانەی ئەزموونی هاوشێوەی ئەوەی ئێستایان بینیوە و پێشتر بەشدارییان لە جامی جیهانیدا کردووە، هاوکارە بۆ مامەڵەکردنی دروست لەگەڵ گوشار و رووداوەکانی نێو پاڵەوانێتییە گەورەکان، بەڵام مێژوو دەریخستووە تەنیا ئەزموونی راهێنەر، چارەنووسی هەڵبژاردەی سەرکەوتوو یەکلایی ناکاتەوە.
بەدەستهێنانی نازناوی مۆندیالی 2022 لەلایەن لیۆنێل سکالۆنییەوە نموونەیەکی روونە، پاشئەوەی وەک یەکەم ئەزموونی راهێنەرایەتی و بەشداریی لە مۆندیال وەک راهێنەر، هەڵبژاردەی ئەرجەنتینی بردە سەر سەکۆی نازناوەکە.
یەکێک لەو راهێنەرە ئەزمووندارانەی لە مۆندیالی ئەمجارەدا دەردەکەوێتەوە، دیدێ دیشامی راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسایە.
دیشام پێشتر لە یەکەم تاقیکردنەوەدا مۆندیالی 2018ی بەدەستهێنا، لە پاڵەوانێتیی پێشوودا، یاریی کۆتایی بەرامبەر ئەرجەنتین بەلێدانی یەکلاکەرەوە دۆڕاند.
دیشام ئەمجارەش پشت بەژمارەیەک یاریزانی لێهاتوو دەبەستێت بۆ بەدەستهێنانەوەی نازناوەکە، لەنێویاندا کیلیان ئێمباپێ.
لە نێو راهێنەرە ئەزمووندارەکانی مۆندیالدا، ناوی مارسێلۆ بێلسای ئەرجەنتینی جێگەی سەرنج دەبێت. بێلسا ئەمجارە پێشەوایەتیی هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای دەکات، بەوەش دەبێتە یەکێک لەو راهێنەرە دەگمەنانەی لە مێژوو لەگەڵ سێ هەڵبژاردەی جیاواز، بەشداریی مۆندیال بکات، پاش ئەزموونی لەگەڵ ئەرجەنتین و چیلی.
بێلسا هیواخوازە بەپشتبەستن بەکاپتنەکانی هەردوو یانە زەبەلاحەکەی ئیسپانیا، ریال مەدرید و بارسێلۆنا، جارێکی دیکە ئۆرۆگوایەکی بەهێز پێشان بداتەوە، پاشئەوەی لە مۆندیالی پێشوودا، لە قۆناخی یەکەمەوە ماڵئاوایی کرد.
لای خۆیەوە، خاڤیێر ئاگێری، سێیەم ئەزموونی خۆی لەگەڵ هەڵبژاردەی مەکسیک تاقیدەکاتەوە. ئەو پێشتر لە مۆندیالەکانی 2002 و 2010 سەرپەرشتی هەڵبژاردەکەی کرد و قۆناخی کۆمەڵەکانی تێپەڕاند.
ئاگێری هیواخوازە لەگەڵ مەکسیک و لەبەردەم هاندەرانی هەڵبژاردەکە لە نێو خاکی خۆیاندا، بۆ یەکەمجار قۆناخی شانزە تێپەڕێنێت.
هەرچی رۆبێرتۆ مارتینێزی راهێنەری هەڵبژاردەی پۆرتوگالە، بۆ دووەمجار لە پاڵەوانێتییە جیهانییەکەدا دەردەکەوێت، پاشئەوەی لە مۆندیالی 2018 سەرپەرشتی هەڵبژاردەی بەلجیکای کرد و پلەی سێیەمی بەدەستهێنا.
زلاتکۆ دالیچ لە نووسینەوەی مێژوو لەگەڵ کرواتیا بەردەوامە. ئەو راهێنەرە هەڵبژاردەی وڵاتەکەی گەیاندە یاریی کۆتایی مۆندیالی 2018 و پلەی سێیەمی لە 2022دا بەدەستهێنا.
لای خۆیەوە، لیۆنێل سکالۆنی هەوڵی دووبارەکردنەوەی دەستکەوتە مێژووییەکە دەدات و جارێکی دیکە، پشت بەشوێنکەوتەیی یاریزانانی هەڵبژاردەکە، بۆ لیۆنێل میسی کاپتنیان دەبەستێت.
لە نێو راهێنەرانی دیکەدا، گۆستاڤۆ ئەلڤارۆ دەبینرێت کە سەرپەرشتی هەڵبژاردەی پاراگوای دەکات، پاش ئەزموونی سەرکەوتوو لەگەڵ ئیکوادۆر.
ژاپۆنییەکان پشت بەدەرکەوتنی هاجیمی مۆریاسۆ دەبەستن و هونگ میونگ بو لەگەڵ کۆریای باشوور هاتووە، بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو شکستەی لە 2014 تووشی بوو.
دیک ئادڤۆگاتی راهێنەری ئەزموونداری هۆڵەندی، سەرپەرشتی هەڵبژاردەی کۆراساو دەکات لە مۆندیالدا، دوای ئەوەی بەهۆی هەندێک کێشەی خێزانییەوە بۆ ماوەیەک لە هەڵبژاردەکە دابڕا.
ئەمە سێیەم بەشداریی ئەدڤۆگاتە لە مۆندیال، پاشئەوەی لە مۆندیالی 1994 سەرپەرشتی هۆڵەندای کرد و لە 2006 راهێنەری کۆریای باشوور بوو.
ئادڤۆگات بەتەمەنی 78 ساڵی، دەبێتە بەتەمەنترین راهێنەری مۆندیالی ئەمجارە.
لە نێوان راهێنەرانی بەئەزموون و ئەو راهێنەرانەدا کە هەوڵی نووسینەوەی ناوی خۆیان لە مێژوودا دەدەن، رکابەرییەکانی مۆندیالە فراوانەکە، بەکراوەیی دەمێنێتەوە.
