رووداو دیجیتاڵ
ئێرلینگ هالاندی ئەستێرەی هەڵبژاردەی نەرویج، باسی بەدیهێنانی ئامانجە گەورەکەی کردووە بەهەنگاونان هاوشێوەی باوکی، لەکاتی بەشداریکردن لە مۆندیالی 2026.
هێرشبەرە 25 ساڵییەکەی مانچێستەر سیتی دووپاتیکردووەتەوە، کە هەڵبژاردەی نەرویج بڕوا و داهێنان و کوالیتیی پێویستی هەیە بۆ بەردەوامبوون لە پاڵەوانێتییەکەدا.
هالاند ئەگەرچی ساڵانی پێشتر یەکێک بووە لە ئەستێرە گەشاوەکانی سەر ئاستی جیهان، بەڵام لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی شتێکی ئەوتۆی پێنەکراوە. نەرویج دوایینجار لە ساڵی 2000 گەیشتە یۆرۆ و دوو ساڵیش پێشتر، بەشداری لە جامی جیهانیی رووسیادا کرد.
هالاند لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێ، "جێگەی شەرم نییە، بەڵام ماوەیەکی زۆر تێپەڕیوە، بەدرێژایی چەندین ساڵ هەوڵدرا و هیچمان بەدەستنەهێنا، من ئەزموونی بەشداریکردنی نەرویجم لە مۆندیالدا نەبینیوە، لەبەرئەوە ئێستای ئیدی کاتیەتی".
هالاند لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بەمۆندیال، ماشێنێکی سەرنجڕاکێشی گۆڵ تۆمارکردن بوو، ئەو لە هەر هەشت یارییەکەی هەڵبژاردەکەیدا گۆڵی تۆمارکرد، لە نێویاندا پێنج گۆڵ لە مۆڵدۆڤیا و دوو گۆڵ لە ئیتاڵیا لە دەرەوەی یاریگای خۆیان و کۆی گۆڵەکانی گەیاندە 16 گۆڵ.
بۆ هالاند، دەستکەوتە گەورەکە زۆرترین گۆڵ نەبوو، بەڵکو گەیشتنی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بوو بۆ مۆندیال.
ئەو دەڵێ، "ئامانجی گەورەی من پێشەوایەتییکردنی نەرویجە لە مۆندیالدا، ئەمە ئەو شتەیە کە کاری لەپێناودا دەکەم، ئێستا کە ئەو خەونە بەدیهاتووە، زۆر دڵخۆشم و بەگوڕم بۆ داهاتوو لە مۆندیال".
پێشتر باوکی هالاند یەکەم یاریی خۆی بۆ هەڵبژاردەی نەرویج لە مۆندیال لەسەر خاکی ئەمریکا بوو لە مۆندیالی 1994.
هالاند دەڵێ، "باوکم پێیگوتم، ئەوەی لە مۆندیال روودەدات، وەک ئەنجامدانی سێ یاریی کۆتایییە بەسەر یەکەوە، وا یارییدەکەیت وەک ئەوەی ژیانت هەمووی بەوانەوە بەسترابێتەوە. هەر لەبەرئەوەشە دەبینی هەڵبژاردە نەناسراوەکان لە گەورەکان دەبەنەوە".
هەڵبژاردەی نەرویج لە مۆندیالی داهاتوودا پشت بەچەندین ئەستێرەی گەورە دەبەستێت، لە نێویاندا جیا لە هالاند، ئۆدیگاردی کاپتنی یانەی ئارسیناڵ، هەروەها ساندێربێرگ و ئۆسکار بۆبی یاریزانانی فولهام و ئانتۆنیۆ نوسای هێرشبەری باڵی لایپزیگی ئەڵمانی.
هەڵبژاردەی نەرویج لە مۆندیالی داهاتوو لە کۆمەڵەی نۆیەم بەرامبەر هەریەکە لە هەڵبژاردەکانی فەرەنسا، سەنیگال و عێراق یارییدەکات.
