رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شەڕکەری بەنێوبانگی کورد نامۆ فازڵ کرد و لە نزیکەوە دەستخۆشی و پیرۆزبایییەکی گەرمی ئاراستەی کرد، بەهۆی ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی بەم دواییە لە ئەمریکا بەدەستیهێنا.
پاشنیوهڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 25ـی5ـی2026، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە پاڵەوانی نێودەوڵەتی کورد لە هونەرەکانی شەڕ، نامۆ فازڵ کرد، بەبۆنەی بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی گەورە لە ئەمهریکا.
رۆژی 17ـی5ـی2026 نامۆ فازڵ لە یەکێک لە گرنگترین رووداوە وەرزشییەکانی ژیانی پیشەیی خۆیدا. لە لوس ئەنجلۆسی ئەمریکا رووبەڕووی جەیک بەیبیەنی شەڕکەرێکی بەنێوبانگی ئەمەریکایی بووەوە و بەکەمتر لە 6 خولەک لێیبردەوە و بە ئاڵای کوردستانەوە ئاهەنگی گێڕا.
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بەو بۆنەیەوە پێشوازی لە نامۆ فازڵ کرد، کە ئێستا لە کوردستانە و لە نزیکەوە دەستخۆشی و پیرۆزبایییەکی لێکرد بۆ ئەو دەستکەوتە نێودەوڵەتییە گەورەیە و پاڵپشتیی خۆی بۆ گەنجان و وەرزشوانانی کوردستان دووپات کردەوه، هەروەها هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی زیاتری بۆ خواست لە کاروانی وەرزشییدا.
نامۆ فازڵیش لای خۆیەوە، خۆشحاڵیی خۆی بەو پێشوازییە گەرمەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دەربڕی و سوپاس و پێزانینی خۆی پێشکەش کرد و دووپاتیکردەوە کە بەڕێز سەرۆکی هەرێم هەمیشە پاڵپشتی گەنج و وەرزشڤانانی کوردە.
پێشتریش کاتێک نامۆ فازڵ سەرکەوتنە گەورەکەی بەسەر جەیکەوە بەدەستهێنا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لێکرد و لە "X" بۆی نووسیبووی "دەستخۆشی و پیرۆزباییيەکی گەرم لە پاڵەوانی نێودەوڵەتی، گەنجی بهتواناى كورد (نامۆ فازڵ) دەکەم بۆ ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی لە یاریی "هونەرە جەنگییە تێکەڵاوەکان MMAدا لە ئەمهریکا بەدەستیهێنا. هیوای بەردەوامی و سەرکهوتنی زیاتری بۆ دەخوازم".
